Accessibility links

هه‌له‌و واشنتن: ستراتیژیه‌تی ئه‌مه‌ریکا و کورد بۆ شه‌ڕی دژی داعش


به‌ درێژایی چه‌ندان ساڵی ڕابردوو کورد له‌ عێراق توانی خۆی به‌ بێ لایه‌نی ڕابگرێت له‌و شه‌ڕه‌ی له‌ نێوان عه‌ره‌بی شیعه‌ و عه‌ره‌بی سووننه‌دا که‌وته‌وه‌، ته‌نانه‌ت زۆر جاریش وه‌ک ناوبژیوان له‌ نێوانیان ڕۆڵی بینی.

له‌ سوریاش هه‌روه‌ها کورد هه‌تا ئاستێـکی به‌رچاو خۆی نه‌کرد به‌ به‌شێـک له‌ شه‌ڕی نێوان ڕژێمی ئه‌سه‌د و ئۆپـۆزسیۆن، به‌و پـێـیه‌ی هیچ کامێـکیان دانی به‌ مافه‌کانی کورددا نه‌ناوه‌ هه‌تاوه‌کو کورد پشـتیوانی لێبکات.

به‌ڵام به‌رده‌وامبوونی ناکۆکی سووننه‌ و شیعه‌ له‌ عێراق و گۆڕانی شۆڕشی سوریا به‌ ئامانجی لابردنی ئه‌سه‌د بۆ شه‌ڕی سوونه‌ و عه‌له‌وی و دواتر شیعه‌، وایکرد هێزی توندڕه‌وی سووننه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا به‌هێز بـبێت و ده‌وڵه‌تی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت.

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه‌ ئامانجی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ که‌‌ نه‌هێشتنی ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ له‌ به‌غدا بوو له‌گه‌ڵ ڕووخاندنی ڕژێمی ئه‌سه‌د، بوو به‌ په‌لاماردانی کوردسـتان، به‌ شێوه‌یه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ی کۆشکی کۆماری ئه‌سه‌د له‌ نێو ماڵه‌ هه‌ژاره‌کانی کۆبانیدا بێت تاوه‌کو به‌ سه‌دان چه‌کداری داعش خۆیانی له‌سه‌ر به‌ کوشت بده‌ن.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌یی هه‌ڕه‌شه‌ی داعش بۆ سه‌ر کوردسـتان، که‌چی هێشتا حزبه‌ کوردیـیه‌کان سـتراتیژیـیه‌تێـکی هاوبه‌شیان له‌ به‌رامبه‌ریدا نیـیه‌،‌ له‌ کاتێـکدا وه‌ک کاربه‌ده‌ستانی وڵاتانی زلهێز و چاودێران ده‌ڵێن ئه‌م شه‌ڕه‌ بۆ چه‌ندان ساڵ درێژه‌ ده‌کێشێت.

ئه‌گه‌ربێت و ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ ڕاستبێت، ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵکی کوردسـتان که‌ له‌ به‌ره‌ی پـێشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌که‌دایه‌، ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ خۆی ئاماده‌بکات بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به‌ شه‌ڕی داعشه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌کرێت.

ئه‌مه‌ریکا که‌ ڕابه‌رایه‌تی شه‌ڕی‌ دژی داعش ده‌کات، له‌ زاری جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ گوتی هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی له‌ کۆبانی ڕووده‌دات جێی داخه‌، به‌ڵام به‌شێـک نیـیه‌ له‌ سـتراتیژیـیه‌تی هاوپه‌یمانان. گوتیشی هه‌تا ئه‌و کاته‌ی هاوپه‌یمانێتیـیه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ گه‌ڕ ڕه‌نگه‌ شارۆچکه‌ی دیکه‌ش بکه‌ونه‌ ژێر ده‌سـتی داعشه‌وه‌.

پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌:
کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ کوردیش ستراتیژیه‌تی خۆی هه‌بێت بۆ شه‌ڕی دژی داعش؟
چۆن بکرێت له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ ناکۆکی حزبه‌کان و ته‌نانه‌ت نێو خودی حزبه‌کانیش کۆتایی‌یان پێ بهێنرێت یان هه‌ر هیچ نه‌بێت ڕابگیرێن؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
عه‌باس غزالی میرخان، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردسـتان له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموکراتی کوردسـتان.
ئه‌بو به‌کر هه‌ڵه‌دنی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردسـتان له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی.
عومه‌ر عینایه‌ت، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردسـتان له‌سه‌ر لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان.

XS
SM
MD
LG