Accessibility links

کاریگه‌ری داعش بۆ سه‌ر ئابوری هه‌رێمی کوردستانی عێراق


کۆنترۆڵکردنى رێگاکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە زیانێکى ئابوورى گەورەى بە هەرێمى کوردستان گەیاندووە ، جموجۆڵى بازرگانى لە خاڵە سنووریـیەکانى نێوان هەرێم و ئێران بە ڕێژەیەکى بەرچاو کەمیکردووە.

زۆربەى ئەو شمەک و کاڵایانەى لە رێگەى مەرزە نێو دەوڵەتیەکانەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێن لە رێگەى وشکانیەوە رەوانەى بەغدا و باشورى عێراق دەکرێت، بەڵام کۆنترۆڵکردنى رێگەکان لەلایەن داعشەوە ئاڵوگۆرى بازرگانى نێوان هەرێم و بەغداشى راگرتووە.

دکتۆر دەرباز محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ، دەڵێت کۆنترۆڵکردنى پارێزگا سونە نیشینەکان لەلایەن داعشەوە هەرێمى کوردستانى لەبەغدا دابڕیووە ، زیانى بە بەرهەمە ناوخۆییەکانى هەرێم و ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەرێم و وڵاتان گەیاندووە.

دکتۆر دەرباز محەمەد بەدەنگى ئەمریکاى راگەیاند" دەستگرتنى داعش بەسەر رۆژئاواو و باکوورى عێراق ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هەرێم و بەغداى راگرتووە ، بەتایبەت بووەتە هۆى زیان گەیاندن بەبەرهەمە ناوخۆییەکانى چیمەنتۆ و کارگەکان دەیان کرێکاریان ناردووەتە ماڵەوە".

دکتۆر دەرباز وتیشى"ئاڵوگۆرى بازرگانیش لە خاڵە سنوریەکان بە ئاستێکى زۆر دابەزیووە و بووەتە هۆى کەمکردنى داهاتى خاڵە سنوریەکان ئەمەش بارگرانى لەسەر خەڵک و حکومەتى هەرێم دروستکردووە".

ژمارەیەک دەروازەى سنورى لەنێوان هەرێم و وڵاتى ئێران دا بوونیان هەیە ، دیارترینیان خاڵە سنوریەکانى مەنزەریە ، پەروێزخان و باشماخ کە رۆژانە لە رێگەى ئەو خاڵە سنوریانەوە کەرەستەى بیناسازى و خۆراک و کاڵاوشمەک هاوردەى هەرێم دەکرێت ، دواتر لە رێگەکانى عوزیم و ئامرلى و ئیمام وەیسەوە رەوانەى بەغدا و خوارووى عێراق دەکرێت.

کۆنترۆڵکردنى ئەو رێگایانەى نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن داعشەوە وایکردووە هاوردەکردنى شمەک لەوڵاتى ئێران لەلایەن بازرگانەکانەوە بوەستێت ، بەڵام لە ئێستادا و بەهۆى کۆنترۆڵکردنى رێگاى ئامرلى یەوە خەریکە ئاڵوگۆڕى بازرگانى دەستپێدەکاتەوە.

حسێن ئەحمەد بەرێوەبەرى خاڵى سنورى نێودەوڵەتى پەروێزخان کە دەکەوێتە باکورى رۆژهەڵاتى قەزاى خانەقینەوە، ئاماژەبەوەدەکات برینى رێگەى وشکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەن داعشەوە ئاڵوگۆرى بازرگانى لە خاڵە سنووریەکاندا پەکخستووە.

حسێن ئەحمەد بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"پرۆسەى بازرگانى لەمەرزى نێو دەوڵەتى پەروێزخان لەسەدا هەشتا کەمیکردووە، جاران رۆژانە حەوتسەد تریلە لەمەرزەکەدا هاتووچۆیان دەکرد لەنێوان ئێران و هەرێم دا، بەڵام هاتنى داعش جوڵەى بازرگانى وەستاند و ژمارەى ئەو ترێلانەى رۆژانە هاتووچۆ دەکەن بۆ سەد ترێلە کەمیکرد".

حکومەتى هەرێم و بەغدا هەوڵەکانیان بۆ دوور خستنەوە ى داعش لە رێگە سەرەکیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا چڕ کردووەتەوە و رێگەى ئامرلى یان کۆنترۆڵکردووەتەوە ، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەک رێگە لە ژێر کۆنترۆڵى چەکدارەکانى داعشدایە کە رێگەى ئیمام وەیس لە دیارترین ئەو رێگایانەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:31 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG