Accessibility links

داعش ده‌سـتیکردووه‌ به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و باره‌گا له‌شـکریـیانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتوون


دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (داعش) لە پارێزگاکانى کەرکوک و دیالە هەڵمەتێکى دەستپێکردووە بۆ تەقاندنەوەى ئەو بارەگایانەى کە پێشتر سوپاى عێراقیان تێدابووە ، هاوکات ماڵى سەرباز و پلەدارەکانى سوپاى عێراقیش دەتەقێننەوە.

بەرپرسانى کەرکوکیش دەڵێن"داعش پلانى کشانەوەى بۆ موسڵ و ناوچە سنووریەکانى سوریا هەیە بۆیە بارەگا سەربازیەکان دەتەقێنێتەوە."

دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە داعش لە رێگەى تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەرەوە ، گرتەى ڤیدیۆیى تەقاندنەوەى ژمارەیەکى زۆر بارەگاى سەربازى حکومەتى عێراقى بڵاوکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو ناوچانەى بارەگا سەربازیەکانى تێدا دەتەقێننەوە لە ژێر کۆنترۆڵى خۆیاندایە.

وەستا ڕەسوڵ بەرپرسى میحوەرى کەرکوکى هێزى پێشمەرگە، ئاماژە بەوە دەکات زانیارى تەواویان لەسەر بۆمبرێژکردن و تەقاندنەوەى بارەگا سەربازیەکانى سوپاى عێراق لە دەوروبەرى کەرکوک لەلایەن داعشەوە پێگەیشتووە.

وەستا رەسوڵ بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند "ماوەیەکە لە ناو قەزاى حەویجە و ناوچەى تەل وەرد و خەبازە داعش دەستیکردووە بە تەقاندنەوەى بارەگا سەربازیـیه‌کان و ماڵى پلەدارانى سوپاى عێراق."

دەربارەى هۆکارى تەقاندنەوەى بارەگا سەربازیـیەکانى دەوروبەرى کەرکوک لە کاتێکدا ئەو ناوچانە لە ژێر کۆنترۆڵى خۆیاندایە، وەستا رەسوڵ رایگەیاند" داعش بە تەماى ئەو ناوچانە نیـیە و جێـیاندەهێڵێت بۆیە بارەگا سەربازیەکان دەتەقێنێتەوە ، پاشان رقیان لەو کەسانە هەڵگرتووە کە لەکەڵ حکومەتى عێراقیدا کاردەکەن بە حسابى خۆیان لە رێگەى تەقاندنەوەى ماڵەکانیانەوە سزایان دەدەن."

دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق ناوچەیەکى فراوانى خستووەتە ژێر کۆنترۆڵى خۆیەوە لە کاتێکدا چەکدارى پێویستى بۆ پاراستنى ئەو ناوچانە نیـیە، بۆیە تەقاندنەوەى بارەگا سەربازیـیەکان بە دەستپێکى کشانەوەى داعش لە هەندێک ناوچە و کۆبوونەوەیان لە موسڵ و ناوچە سنووریەکانى سوریا دادەنرێت.

ئەحمەد عەسکەرى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"تەقاندنەوەى بارەگا سەربازیـیەکان خۆ ئامادەکردنە بۆ کۆبوونەوە لە ناوچەیەک و بەرگریکردن لە خۆیان چونکە ناتوانن هەموو ئەو ناوچانە بپارێزن کە ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵیاندایە".

بە بڕواى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، داعش موسڵ و ناوچە سنووریـیەکانى سوریا بە ئاسانى جێناهێڵێت و لەو ناوچانە شەڕى قورس ڕوودەدات.

ئەحمەد عەسکەرى وتى"داعش جگە لە موسڵ و شوێنە ستراتیژیـیەکانى عێراق و شریتە سنووریەکه‌ی سوریا رەنگە لە بەشێک لە ناوچەکانى عێراق بکشێتەوە، چونکە پێـیان‌وایە لە سوریا زیاتر پارێزراو دەبن".

تەقاندنەوەى بارەگا سەربازیـیەکانى سوپاى عێراق لە کەرکوک و دیالە لە کاتێکدایە داعش زۆربەى چەکدارەکانى رەوانەى سوریا کردووە و قورسایى شەڕەکەى بردووەتە کۆبانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستى لە عێراق هەڵنەگرتووە و بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنى شاروشارۆچکە سووننەنیشینەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:17 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG