Accessibility links

هه‌وڵه‌کان بۆ ئازادکردنی پـێشـمه‌رگه‌کانی له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌سـتگیرکراون


بەرپرسى راگەیاندنى وەزارەتى پێشمەرگە، ئاشکراى دەکات لە رێگەى عەشایەرى عەرەبى سووننەوە هەوڵى ئازادکردنى ئەو پێشمەرگانەیان داوە کە لە لایەن داعشەوە بەدیلگیراون ، دەڵێت"دەبێت داعش بزانێت ئێمەش ژمارەیەکى بەرچاو دەستگیرکراوى ئەوانمان لایە".

ژمارەى ئەو پێشمەرگانه‌ى کە لە سەنگەرەکانى موسڵ، کەرکوک و دیالە لەلایەن چەکدارەکانى داعشەوە دەستگیرکراون ژمارەیان بیست و نۆ پێشمەرگەیە و لە ئێستادا سەرجەم ئەو پێشمەرگانە لە موسڵ زیندانى کراون.

هەڵگورد حیکمەت بەرپرسى راگەیاندنى وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتى هەرێم، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ ئازادکردنى ئەو پێشمەرگانەى لاى داعش دەستگیرکراون.

هەڵگورد حیکمەت بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند" کۆنتاکت لەگەڵ تیرۆریست ناکرێت، بەڵام ئێمە لە ڕێگەى عەشایەرى سووننەوە هەوڵمان بۆ ئازادکردنى پێشمەرگەکان داوە و ئێستاش بێ ئومێد نین، چونکە ئێمە ژمارەیەکى بەرچاو دەستگیرکراوى داعشمان لایە و تیایاندایە بەرپرسیارێتى هەبووە لەو ڕێکخراوەدا".

وەزارەتى پـێشمەرگە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هیچ کام لەو پێشمەرگانەى لەلایەن داعشەوە دەستگیرکراون لە شەڕدا دەستگیرنەکراون، بەڵکو لە ئەنجامى ناشارەزایى و بزرکردنى ڕێگە کەوتوونەتە دەست داعش.

هەڵگورد حیکمەت، وتى" لە هیچ کام لە سەنگەرەکانمانەوە پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە لە شەڕدا دەستگیرنەکراون، بەڵکو ئەو پێشمەرگانەى لاى داعشن لە ئەنجامى ناشارەزایى و بزرکردنى رێگە چوونەتە ناو داعش".

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان ، ئاماژە بەوە دەکات کەسوکارى پێشمەرگە دیلکراوەکانى لاى داعش لە ڕێگەى عەشایەرى عەرەبى سووننەوە پێشنیارى گۆڕینەوەى دیلەکانیان بۆ داعش کردووە، بەڵام داعش پێشنیارەکەى رەتکردوونەتەوە.

بێستون فایەق بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند" کەس و کارى پێشمەرگەکان وەفدێکى عەشایەرى عەرەبى سووننەى نزیک لە خۆیان ناردووەتە لاى داعش، پێشنیارى گۆڕینەوەى دیلەکانیان بۆ کردوون".

بیستون فایەق ، گوتیشى" داعش بەبیانووى ئەوەى چەکدارى ئەوان بەدیل بگیرێت و دەبێت لەشەڕدا بکوژرێت پێشنیارەکەیان ڕەتکردوونەتەوە".

مانەوەى پێشمەرگە دیلەکانى لاى داعش و نەکوشتنیان لە لایەن ئەو ڕێکخراوەوە، ئومێدى بە کەسوکارى پـێشمەرگەکان بەخشیووە هه‌تا بەردەوام لە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنیان.

XS
SM
MD
LG