Accessibility links

پۆلیسی تورکیا به‌گژ خۆپیشانده‌رانی کو‌رد ده‌چێته‌وه‌

  • VOA News

ڕاپۆرته‌کانی میدیا راده‌گه‌یه‌نن پۆلیس له‌ ئیسته‌نبوڵ و به‌لایه‌نی که‌م له‌ شه‌ش شاری تری تورکیا به‌گژ سه‌ده‌ها خۆپیشانده‌ر چۆته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ناڕه‌زایی‌یان به‌رامبه‌ر به به‌ره‌وپێشچوونی داعش له‌ باژێڕی کۆبانی ده‌رده‌بڕن.

پێکدادانه‌کان له‌ نیوه‌ شه‌وی دۆینێ دووشه‌ممه‌ له‌سه‌ر سێشه‌ممه‌ له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌کێکی ئیسته‌نبول ده‌ستیپێکرد کاتێـک خۆپیشانده‌ران به‌ربه‌ستیان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان دانا و به‌رد و بۆمبی مۆلۆتۆفیان گرته‌ پۆلیس و گڕیان له‌ پاسێك به‌ردا.

پۆلیس هه‌روه‌ها گازی فرمیسك ڕێژ و ئاوی به‌کارهێنا ‌دژ به‌ گردبوونه‌وه‌یه‌کی تری خۆپیشانده‌ران له‌ شاره‌کانی دیاربه‌کر ، باتمان، وان، مێرسین، ماردین، شرناخ، و هه‌کاری.

هاوکات خۆپیشانده‌رانی کورد له‌ برۆکسل بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئۆروپا به‌ڕێکه‌وتن، وه‌ك به‌شێك له‌ خۆپیشاندانی به‌رفراوان دژ به‌ هیڕشکردنی داعش بۆ سه‌ر کۆبانی.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌لایه‌ن که‌م 50 خۆپیشانده‌ری کورد له‌ به‌رده‌م‌ په‌رله‌مانی ئۆروپا خۆپیشاندانیان کرد و له‌ به‌رلین پتر له‌ 600 کورد به‌ هه‌مان شێوه‌ گردبوونه‌وه‌.

هاوکات خۆپیشانده‌ره‌ کورده‌کان چوونه‌ته‌ ناو په‌رله‌مانی هۆڵه‌ندا و هه‌روه‌ها له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسا خۆپیشاندانیان ئه‌نجام دا.

سه‌باره‌ت به‌ خۆپـشـاندان و ناڕه‌زایی کورد له‌ شاره‌کانی تورکیا، ساڵح تۆران په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ ئسته‌نبوڵ ڕاپـۆرتی ناردووه‌.

XS
SM
MD
LG