Accessibility links

گوندنشینه‌کانی بناری به‌مۆ ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر هه‌ڵکه‌ندنی بیره‌ نه‌وت له‌ ناوچه‌که‌یان ده‌رده‌بڕن


گوندنشینەکانى بنارى بەمۆى سەر بە قەزاى خانەقین لە ڕێگەى خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەزایەتیەوە ئیش و کارەکانى کۆمپانیاى گاز پرۆم‌ى ڕووسى ڕادەگرن، کە ئەو کۆمپانیایە ماوەى مانگێکە بۆ هەڵکەندنى بیرە نەوت ڕۆیشتووەتە ناوچەکەیان.

گوندنیشینەکان کۆمپانیاى گاز پرۆم تۆمەتبار دەکەن بە تێکدانى ژینگەى ناوچەکەیان و زیان گەیاندن بە زەویە کشتوکاڵیەکانیان، دەڵێن"ئەو کۆمپانیایە هیچ قەرەبوویەکى نەکردوونەتەوە لە کاتێکدا زەویە کشتوکاڵیەکانیان بۆ لێدانى بیرە نەوت بەکاردەهێنێت".

جەلال هۆرێنى ئەندامى کەمپینى گوندنشینەکانى بنارى بەمۆ، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە هەر بیرە نەوتێک لە ناوچەکەیان هەڵبکەنرێت، وەکو گوندنشینەکان بڕیاریان داوە پڕى بکەنەوە.

جەلال هۆرێنى بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"گوندنشینەکان گرێبەستى کشتوکاڵیان لەگەڵ حکومەت دا هەیە بۆ بەکارهێنانى زەویە کشتوکاڵیەکان، کەچى کۆمپانیاى گاز پرۆم بێ هیچ قەرەبووکردنەوەیەک زەویەکانمان بەکاردەهێنێت بۆیە چاڵە نەوتیەکانمان پڕ کردووەتەوە".

بنارى بەمۆ کە کۆمپانیاى گاز پرۆم کامپـێکى گەورەى تێدا دروستکردووە بۆ ئەوەى دەست بە گەڕان و لێدانى بیرە نەوت بکات لە زیاتر لە چل گوند پێکدێت، پاساوەکانیان بۆ رێگرتن لە کارکردنى کۆمپانیاکە پیسکردنى ژینگەى ناوچەکە و تێکچوونى ناوچە شوێنەواریەکانیانە.

جەلال هۆرێنى ، وتیشى" کۆمپانیاى گاز پرۆم ژینگەى ناوچەکەى پیسکردووە، هەروەها چاڵە نەوتیەکانیان دەبێتە هۆى تێکچوونى ناوچە شوێنەواریەکانى سەردەمى ساسانیەکان ئەمەش بە خەڵکى ناوچەکە هەزم ناکرێت".

گوندنشینەکانى بنارى بەمۆ کە درەنگانێکى ئێوارەى دوێنێ پێنجشەمە بە ژن و منداڵەوە خۆپیشاندانیان دژى کۆمپانیاى گاز پرۆم ئەنجامدا، لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەى حکومەتیان کردووە هۆشدارى دەدەن لە پیسبوونى ژینگەى ناوچەکەیان و زیان گەیاندن بە زەویە کشتوکاڵیەکانیان.

یونس ئەحمەد جێگرى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان کە ئەو ناوچەیە لەلایەن ئیدارەکەیەوە بەرێوەدەبرێت، نیگەرانى خۆى دەردەبرێت لە رێگرتن لە کارکردنى گاز پرۆم ، دەڵێت" لە ڕێگەى بەڕێوەبەرى ناحیە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەوڵیانداوە قسە لەگەڵ گوندنشینەکاندا بکەن".

یونس ئەحمەد بە دەنگى ئەمه‌ریکاى راگەیاند"حەق نیـیە گوندنشینەکان بەم شێوەیە مامەڵە بکەن چونکە بەرژەوەندى گشتى گرنگترە، بەڵام ماف بۆ هاوڵاتیانیش دەگێڕدرێتەوە".

گوندنشینەکانى بنارى بەمۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە زەویە کشتوکاڵیەکانى کە کۆمپانیاى گاز پرۆم دەیەوێت بەکارى بهێنێت بەپێى گرێبەستى کشتوکاڵى موڵکى خۆیانە ، بەڵام جێگرى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان، دەڵێت"حکومەت هەر شوێنێکى بوێ بەکارى دەهێنێت".

هەروەها وتیشى"حکومەت هەر شوێنێکى بوێ بۆ بەرژەوەندى گشتى بەکارى دەهێنێت، بەڵام خەڵک بووەتە شوێنگرەوەى دادوەر و خۆى بڕیار دەدات و خۆشى جێبەجێى دەکات".

بنارى بەمۆ ناوچەیەکى سنووریـیە لەگەڵ وڵاتى ئێراندا، لە ڕووى ئیداریەوە سەر بە قەزاى خانەقینە و دەکەوێتە باکورى رۆژهەڵاتى ئەو قەزایەوە.

XS
SM
MD
LG