Accessibility links

سه‌رچاوه‌یه‌ک: ده‌یان ملیار دۆلار له‌ سه‌رده‌می مالیکی نازانرێت له‌ چیدا خه‌رجکراون

  • Goran Tawfeeq

پاش ڕه‌خنه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ حکومه‌تی پـێشـوو، سه‌ره‌تایه‌کی په‌یوه‌ندی ئاڵۆز له‌ نێوان مالیکی و عه‌بادی ده‌سـتیپـێـکرد.

سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ ئیتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ ڕۆژنامه‌ی نه‌هاری لوبنانی باسی له‌وه‌ کردووه‌ که‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئیتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ ئاماده‌بوونی مالیکی و عه‌بادی ده‌مه‌قاڵێی نێوان ئه‌م دوو سه‌رکرده‌یه‌ی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی لێـکه‌وته‌وه‌.

نوری مالیکی و حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌ گژ یه‌کتردا چوون کاتێـک که‌ مالیکی به‌ عه‌بادی ده‌ڵێت ڕێگه‌ت پێ نادرێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک باس له‌ خراپی خولی پـێشـووی حکومه‌ت بکه‌یت. له‌ وه‌ڵامیشـدا عه‌بادی به‌ مالیکی ده‌ڵێت ئه‌و له‌ هه‌ڵه‌کانی پـێشـوو به‌رپـرسیار نیـیه‌ و نایه‌وێت حکومه‌ته‌که‌ی ڕووبه‌ڕووی توانجی سیاسی هه‌ڵه‌کانی خولی پـێشوو بـبێته‌وه‌.

هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا عه‌بادی دووباره‌ باسی له‌ ده‌یان ملیار دۆلار کردووه‌ که‌ له‌ سندوقی گه‌شه‌پـێدانی عێراقیدا به‌ شێوه‌ی سولفه‌ ڕاکێشراوه‌ و که‌س نازانێت له‌ چیدا خه‌رج کراون‌. ئه‌م بابه‌ته‌ش به‌ تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی گشـتی ناوبردووه‌.

سه‌رچاوه‌که‌ ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ له‌ ئێسـتادا عه‌بادی ڕووبه‌ڕووی پـلانێـک بووه‌ته‌وه‌ بۆ ڕووخاندنی حکومه‌ته‌که‌ی و هۆکاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌کداره‌کانیش په‌یوه‌ندی به‌و بابه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ عه‌بادی باوه‌ڕی به‌ ده‌وروبه‌ره‌که‌ی مالیکی نه‌ماوه‌.

درێژه‌ی ڕاپـۆرته‌که‌ی گۆران تۆفیق په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ به‌غدا له‌م فایله‌ ده‌نگیـیه‌دایه‌.

XS
SM
MD
LG