Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما: کورد و له‌شکری عێراق به‌نداوێکی سه‌ره‌کییان له‌ توندڕه‌وان سه‌ندۆته‌وه


سه‌رۆک ئۆباما

سه‌رۆک ئۆباما

سه‌رۆک براک ئۆباما ده‌ڵێت له‌شکری وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا یارمه‌تی هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی عێراق و کورده‌کانیشی داوه‌ بۆ ده‌ستگرتنه‌وه‌ به‌سه‌ر به‌نداوێکی ستراتیژی گرنگ له‌ باکوری وڵاته‌که‌.

سه‌رۆک ئۆباما له‌ میانه‌ی لێدوانه‌ کورته‌که‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌یدا له‌ کۆشکی سپی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد ئه‌گه‌ر هاتبا و توندڕه‌وان ئه‌و به‌نداوه‌ی موسڵیان بڕوخاندایه‌ ئه‌وا کاره‌ساتێک ڕوویده‌دا و لافاوێکی گه‌وره‌ باکوری عێراقی ده‌گرته‌وه‌ و به‌ هه‌زاران که‌سی سیڤیڵ ده‌مردن و هه‌روه‌هاش باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکای ده‌خسته‌ بارێکی مه‌ترسیداره‌وه‌.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌ره‌وپێشچونێکی گرنگ له‌ عێراقدا ده‌بینێت و یارمه‌تی پاشه‌کشه‌پێکردنی تێرۆریستان ده‌دات و چه‌ک و کۆمه‌کی تریش بۆ هێزه‌ سه‌ربازیه‌ عێراقیه‌کان و کورده‌کانیش دابین ده‌کات.

له‌ لێدوانه‌که‌یدا سه‌رۆک ئۆباما باسی له‌وه‌ش کرد وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتیوانکردنی حکومه‌تی نوێی یه‌کگرتووی عێراق و هه‌روه‌هاش گوتی هاوپه‌یمانێتیه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی پێکده‌هێنێت به‌ مه‌به‌ستی دابینکردنی کۆمه‌کی مرۆڤایه‌تی بۆ عێراقیه‌کان.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کار ده‌کات له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراق و هه‌روه‌هاش هاوپه‌یمانی وه‌ک به‌ریتانیا و که‌نه‌دا و فه‌ڕه‌نسا و ئیتالیا و ئوسترالیا بۆ دابینکردنی خوارده‌مه‌نی و ئاو بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی پێویستیانه‌ به‌ مه‌مبه‌ستی بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ناچار کران زێدی خۆیان جێبهێڵن.

په‌نتاگۆن ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15 هێرشی تری ئاسمانی کردۆته‌ سه‌ر توندڕه‌وانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ نزیک به‌نداوی موسڵه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ شوێنه‌کان و چه‌که‌کانی چه‌کداره‌ توندڕه‌وه‌کانی داعشیان خاپور کردووه‌ و تێک شکاندووه‌.

به‌نداوی موسڵ بۆ باکوری عێراق گرنگه‌ چونکه‌ وزه‌وی ئه‌لکتریک و ئاودێریش بۆ زۆربه‌ی ناوچه‌که‌ دابین ده‌کات.

مێردێث بیوول په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ پـنتاگۆن ڕاپـۆرتی له‌م باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌.

XS
SM
MD
LG