هاوبه‌ندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا سه‌رۆکێـکی نوێی بۆ خۆی هه‌ڵبژارد تاوه‌کو شوێنی ئه‌حمه‌د ئه‌لجه‌ربا بگرێته‌وه‌ که‌وا بۆ ماوه‌ی سـاڵێـک بوو‌ سه‌رۆکایه‌تی ئۆپـۆزسیۆنی گرتبووه‌ ده‌ست.

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی له‌ نزیک شـاری ئسته‌نبوڵی تورکیا به‌ ده‌نگی 62 ئه‌ندامی بڕیاری دا هادی ئه‌لبه‌حره‌ بـبێته‌ سه‌رۆکی نوێی.

موفه‌ق نه‌یره‌بیـیه‌ ڕکه‌به‌ری ئه‌لبه‌حره‌ ده‌نگی 41 ئه‌ندامی به‌ده‌سـتهێنا و وه‌لید ئه‌لعومه‌ری ته‌نها ده‌نگی 3 ئه‌ندام.

هادی ئه‌لبه‌حره‌ له‌ دایکبووی سـاڵی 1959 ی دیمه‌شقه‌ و خوێندنی ئه‌ندازیاری پـیشه‌سـازی له‌ ئه‌مه‌ریکا ته‌واوکردووه‌ و له‌ مێژه‌وه‌ له‌ عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه‌ کارده‌کات و چه‌ندان پـۆسـتی به‌ڕێوه‌به‌ری له‌وێ گرتووه‌ته‌ ده‌ست. له‌وه‌تای سـاڵی 2005 وه‌ هه‌تا ئێسـتا به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێـکاری کۆمپانیای ته‌کنۆ میدیای سعودیـیه‌یه‌.

له‌ لایه‌نی سیاسی به‌حره‌ له‌ مانگی هه‌شتی سـاڵی 2013 وه‌ چووه‌ته‌ ناو ئۆپـۆزسیۆنه‌وه‌ و به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ که‌سێـکی نزیکی ئه‌حمه‌د جه‌ربایه‌. له‌ وتووێژه‌کانی ژنێڤ 2 ، ئه‌وه‌ی به‌ سه‌رپه‌رشـتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ڕێوه‌چوو، به‌حره‌ سه‌رۆکایه‌تی شـاندی ئۆپـۆزسیۆنی کرد.