سه‌رۆک براک ئۆباما داوای له هه‌ردوو کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌فغانستان کردووه تا ڕێگه بده‌ن پرۆسه‌ی لێکۆڵینه‌وه سه‌باره‌ت به فێڵ و ته‌ڵه‌که‌کان له گه‌ڕی کۆتایی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیدا بڕوات به‌ره‌وپێش.
له‌و په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فونیانه‌دا سه‌رۆک ئۆباما ئاگاهی داوه به عه‌بدوڵا عه‌بدوڵا و ئه‌شره‌ف غه‌نی که توندوتیژی و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی له ڕاده‌به‌ده‌ر به‌رنجامه‌کانی ده‌بنه مایه‌ی کۆتاییهێنان به یارمه‌تیه‌کانی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئه‌فغانستانی به‌شه‌ڕ وێرانبوو.
بڕیاره ڕۆژی هه‌ینی جان کیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا سه‌ردانی کابوڵ بکات وه‌ک هه‌وڵێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گێرمه‌وکێشانه‌ی له پاش ده‌نگۆی فێڵ و ته‌ڵه‌که کردن له گه‌ڕی کۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی 14 مانگی 6 ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌فغانستان هاتونه‌ته ئاراوه.
به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌کان غه‌نی به یه‌ک ملیۆن ده‌نگ له‌پێش عه‌بدوڵاوه‌یه.
عه‌بدوڵا عه‌بدوڵا ده‌ڵێت به‌بێ هیچ گومانێک براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه و ده‌شڵێت به هیچ شێوه‌یه‌ک به حکومه‌تێک قایل نابێت وه‌ک ده‌ڵێت "حکومه‌تێک له‌سه‌ر بنچینه‌ی فێڵ و ته‌ڵه‌که پێکهاتبێت".
هه‌ندێک له لایه‌نگرانی عه‌بدوڵا عه‌بدوڵا هه‌ڕه‌شه ده‌که‌ن حکومه‌تێکی هاوته‌ریب پێکبهێنن و ئه‌مه‌ش له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکاییه‌وه به توندی ئیدانه کراوه و هه‌روه‌هاش ترس و نیگه‌رانیه‌کی زۆریشی هێناوه‌ته ئاراوه سه‌باره‌ت به ئاڵۆزی له ئه‌فغانستاندا.