پێده‌چێت مه‌رجه‌عی شیعه‌کان له عێراق پشتیوانی له گه‌ڕێکی تری سه‌ره‌ک وه‌زیری نه‌که‌نه‌وه بۆ نوری ئه‌لمالیکی وه‌ک هه‌نگاوێک بۆ هێورکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشی ئاسایشی و سیاسی عێراق.
دکتۆر ڕێبوار که‌ریم مه‌حمود، پسپۆڕی زانسته سیاسیه‌کان له زانکۆی سلێمانی ده‌ڵێت چونکه ئه‌م ئاڵۆزی و ناجێگیریه‌ی له عێراقدا هاتۆته ئاراوه به‌ره‌نجامی به‌شێکی به‌رچاوی سیاسه‌ته‌کانی نوری ئه‌لمالیکین هه‌ر بۆیه پێده‌چێت ئێستا شیعه‌کانی وڵاته‌که گه‌یشتبنه ئه‌و بڕوایه‌ی له پێناو عیراقدا و له پێناو پاراستنی ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ی شیعه هه‌یانبووه نه‌که‌ونه به‌رده‌م مه‌ترسیه‌وه ڕه‌نگه ئاماده‌بن ده‌ستبه‌رداری مالیکی ببن.
دکتۆر ڕێبوار ده‌شڵێت ده‌ستبه‌رداربوون له مالیکی هه‌ر ته‌نها له ده‌ست مه‌رجه‌عه‌کانی شیعه‌کاندا نییه به‌ڵکو ئێران و خودی مالیکی خۆشی ده‌بنه به‌شێک له بڕیاری ده‌ستبه‌رداربوون له سه‌ره‌ک وه‌زیری ئێستای عێراق.
له میانه‌ی وتووێژه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ به‌ڵێن ساڵح، دکتۆر ڕێبوار ئاماژه‌ش به‌وه ده‌کات بوونی جیاوازی ڕوانین و هه‌ڵوێسته‌کان له ناو کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ری مالیکی له پۆسته‌که‌یدا گرفت ناهێنێته ئاراوه و ده‌شڵێت نابێت ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت که ڕابه‌ری کۆماری ئیسلامی ئایه‌توڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی و هێزی چه‌کداری ئێرانی له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی مالیکیدان.
زانیاری زیاتر له ده‌قی وتووێژه‌که‌دایه: