زۆرن ئه‌وانه‌ی شیعر ده‌نوسن، به‌ڵام که‌من ئه‌وانه‌ی شاعیرن، زۆرن ئه‌وانه‌ی په‌یامی خۆیانیان هه‌ن به‌ڵام که‌من ئه‌وانه‌ی بتوانن له ڕێی یه‌کێک له ژانره فه‌رهه‌نگیه‌کانه‌وه ئه‌و په‌یامانه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێت به به‌رگێکی ئیستاتیکایی و گیانێکی داهێنانه‌وه.
مه‌گه‌ر هه‌ر شێرکۆ بێکه‌س و شاعیره‌کانی وه‌ک ئه‌و بزانن له ده‌می نوسینی چامه‌یه‌کی باڵا‌به‌رز، یان شیعرێکی چاو گه‌شدا بزانن خاوه‌نی ئه‌و ده‌قه چه‌ند جار ده‌مرێت و هه‌ڵده‌ستێته‌وه، هه‌ڵده‌ستێت و ده‌ژێته‌وه، ده‌ژێته‌وه و بینایی ئێمه به ده‌قێکی ناوازه‌ی لێوان لێو له داهێنان ڕۆشن ده‌کاته‌وه.
ده‌مێکه گوتراوه ئه‌گه‌ر نوسینی شیعر هه‌ر ته‌نها بۆ کرده‌ی نوسین بێت ئه‌وا له‌وانه‌یه نه‌بوونی باشتر بێت، شیعرێک که نه‌توانێت خۆی له زمانێکی سواو و له گێڕانه‌وه‌یه‌کی تری سه‌رگوروشته‌کان و له داڕشتنێکی وشک و برینگ ده‌رباز نه‌کات ئیدی بۆچی ناوی شیعری لێبنرێت.
ئه‌و کاته تۆ هه‌ست به شیعری داهێنه‌رانه ده‌که‌یت که پاش خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ چه‌ند ساتێک له‌ژێر سرووتی ئه‌و شیعره‌دا بژیت، بتکاته به‌شێکی دانه‌بڕاو له ململانێکانی ژیان له‌گه‌ڵ بووندا، بتکاته به‌شێک له گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی سه‌رده‌مدا، ئه‌فسانه‌کانت بێنێته‌وه یاد و به‌روارده گه‌وره‌کانت بۆ بکات و شه‌ڕی کۆن و نوێت بۆ هه‌ڵگیرسێنێت و یاریه‌کی به‌رده‌وامیش بێت له نێو بواره ڕۆشنبیریه‌کاندا و به زمانی ئه‌مڕۆوه سه‌نگه‌ر له ڕه‌وشه باوه‌کان بگرێت تا ئه‌و کاته‌ی ملیان پێده‌دات هه‌ر به گژیاندا بچێته‌وه.
بۆخۆم که شیعرێکی نوێی نه‌زه‌ند به‌گیخانی ده‌خوێنمه‌وه یان دروستتر بڵێم کاتێک ڕۆ ده‌چمه ناو شیعرێکی ئه‌م خانمه‌وه، له‌وسه‌ره‌وه که دێمه ده‌رێ بێ هیچ چه‌ندوچونێک ده‌ڵێم ئۆخه‌ی هێشتا هه‌ناسه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تی و هاوچه‌رخی بوون له شیعرم دانه‌بڕاوه.
نه‌زه‌ند به‌گی خانی، یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ی به‌رده‌وام پێداچوونه‌وه به ده‌قه‌کانی خۆیدا ده‌کات و له‌و بڕوایه‌شدایه هه‌ر پێداچونه‌وه‌یه‌ک یانیش هه‌ر وه‌رگێڕانێکی شیعر به بو‌نیادنانه‌وه‌ی ده‌ق داده‌نێت.
شاعیری به‌ریتانی ڕیچارد مه‌ککه‌ین له‌باره‌ی شیعری نه‌زه‌نده‌وه ده‌ڵێت " زه‌مه‌ن له‌ناو شیعره‌کانیدا هه‌ڵده‌قوڵێت، به‌ڵام نه‌زه‌ند ئاماده نییه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ن یان باره باوه‌کاندا بڕوات و ئه‌و له شیعره‌کانیدا ده‌جه‌نگێت".
ئه‌م جه‌نگه‌ی نه‌زه‌ند به‌گی خانی چه‌ندی تر درێژه ده‌کێشێت؟
نه‌زه‌ند داکۆکی له خانمان ده‌کات، بڕوای به ئاشته‌وایی هه‌یه و به هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ی یه‌کسانیه‌کان دایده‌نێت:
"من له خه‌وندا مار و خودا ئاشت ده‌که‌مه‌وه
گوناهی حه‌وا ده‌سڕمه‌وه و
ئاده‌م بۆ به‌هه‌شت ده‌زڕڤێنمه‌وه"
نه‌زه‌ند به‌گیخانی له ساڵی 1987 نیشتیمان و زێدی خۆی جێده‌هێڵێت و ڕوو له هه‌نده‌ران ده‌کات، به‌ڵام خولیا و خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئامێزی دایکه نیشتیمان هه‌میشه ده‌بنه ئه‌و هیوایه‌ی پڕۆژه‌کانی سبه‌ینێی له‌سه‌ر داده‌نێت.
ئه‌وه‌تا ڕیچارد مه‌ککه‌ین له نوسینه‌که‌یدا له زاری نه‌زه‌ند خۆیه‌وه ده‌ڵێت " مرۆڤ ته‌نها به داهێنان، به داهێنانی هونه‌ریی، به شیعر ده‌توانێت ته‌جاوه‌زی ڕق و کینه بکات."
دوعاكانی دایكم
جگه‌ره‌یه‌ك داگیرسێنه
چرایه‌ك هه‌ڵكه
وه‌ره با پێكه‌وه گۆرانی بڵێین
ئه‌ی هاوڕێم
وه‌ره با پێكه‌وه سه‌ما بكه‌ین
بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دڵی حاجیله‌كان
بۆ لاواندنه‌وه‌ی دوعا ته‌نهاكانی دایكم
دایكم هه‌موو به‌یانیه‌ك دوعا ده‌كا
له جیاتی دوو ركات شه‌ش ركات نوێژ ده‌كا
دوعا ده‌كا بۆ ره‌وینه‌وه‌ی ره‌شایی باڵی با
سێبه‌ری سواوی سیاسیه‌كان
وه‌ره ئه‌ی هاوڕێم
وه‌ره با پێكه‌وه سه‌ما بكه‌ین
ئیتر ئێمه ده‌زانین زه‌مه‌نی دوعا به‌سه‌رچوو
فڕین باڵه‌كانی دڕا‌و و
با لێوه‌كانی وشك و
خۆر كه‌زییه‌كانی بڕاو و
باران په‌نجه‌كانی سووتاو و
باخچه بیره‌وه‌رییه‌كانی زه‌رد بوون
ئیتر من و تۆ ده‌زانین
زه‌مه‌نی دوعا تێپه‌ڕی
هه‌روا به سانایی
باڵنده‌كان دابارین
په‌یژه‌كان له‌هۆشخۆ چوون
ئیتر من و تۆ ده‌زانین
ئه‌ی هاوڕێم
زه‌مه‌نی سه‌ركه‌وتن رما
ئیتر هیچ شتێ داد نادا
مه‌گه‌ر گۆرانی و شێتبوون و سه‌ما
له‌م یه‌ک دوو هه‌فته‌یه‌ی ڕابردوودا له مه‌ڕاسیمێکی تایبه‌تدا بۆ واژۆ کردنی دواترین به‌رهه‌می شیعری له‌مساڵدا، نه‌زه‌ند به‌گیخانی خه‌ڵاتی شیعریی فێمینینی فه‌ڕه‌نسی سیمۆن لاندری به ده‌ستهێنا.
ڕەخنەگرێکی ئەدەبی هۆڵەندی بە ناوی (ئانماری ڤان نیکێرک) بەم شێوەیە شیعری نه‌زه‌ند به‌گیخانی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت:
"نەزەند بەگیخانی شاعیرێکی کوردی مەنفایە و ئێستا لە فەڕەنسا دادەنیشێ. ئەم شاعیرە جوانترین شیعر دەنووسێ... شیعرەکانی لە لایەکەوە چەشنی زایەڵەی زەروورەتێکی سیاسی دەنگ دەدەنەوە، لە لایەکی دیکەش گوزارشتن لە رووحانیەت و هێمنییەکی قووڵ. هەر کە جارێک ئەم شیعرانەت خوێندەوە، ئیتر ناتوانی لەبیریان بکەی؛ ئەم شیعرانە لەناو مێشکت‌دا دەمێننەوە و لە سووچێکی وجودتدا هێلانە دادەنێن. من ئێستا دیوانە ئینگلیزییەکەی نەزەند بەگیخانی بەناوی 'بێلز ئۆڤ سپیچ (٢٠٠٦)' دەخوێنمەوە. ئەم شاعیرە بە کوردی و فەڕەنسیش دەنووسێ. زۆر سوپاس نەزەند بۆ ئەم دیارییە جوانە."
خۆشه‌ویستی
دوو ته‌نهایی پیاسه ده‌که‌ن
دوو ته‌نهایی ته‌ماشای یه‌کتری ده‌که‌ن
دوو ته‌نهایی به‌ده‌م یه‌کتری پێده‌که‌نن
دوو ته‌نهایی پێکه‌وه داده‌نیشن
دوو ته‌نهایی قسه ده‌که‌ن
دوو ته‌نهایی ده‌ستی یه‌ک ده‌گرن
دوو ته‌نهایی یه‌کتری له‌باوه‌ش ده‌گرن
دوو ته‌نهایی تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری ده‌بن
ده‌بن به یه‌ك
ده‌بن به خۆشه‌ویستی
(دکتۆر ئه‌حمه‌دی مه‌لا) ی له‌مه‌ڕ خۆشمان له‌سه‌ر نه‌زه‌ند به‌گیخانی ده‌نوسێت "نه‌زه‌ند وه‌کو هه‌موو شاعیرێک که ده‌یه‌وێ له ڕۆحی قه‌سیده‌وه نزیک بێته‌وه، چه‌مکه‌کانی ڕۆحانییه‌ت گه‌شه ده‌کات و ڕه‌نگبێ ئه‌م ڕچه‌یه به ته‌واوی نه‌زه‌ند وه‌کو شاعیر ڕزگار بکات. چونکه بابه‌ت قه‌د شیعری دروست نه‌کردووه و شیعریش دروست ناکات، به‌ڵکو ئه‌م تاڵه تیشکه‌یه که نازانین له کوێیه‌وه دێت ه به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات، توانیوێتی شیعری جوانمان بۆ بڵێت. وه‌کو موفاره‌قه‌ش له شیعری "تابلۆی زارۆکێک" ئه‌و هێزه ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌ویش چونکه شیعر تێکه‌ڵی دونیا ئه‌سڵیه‌که‌ی خۆی ده‌بێت. چه‌ندین توخم کۆ ده‌بنه‌وه. هێڵی شین و گڤڤه و دونیای ئاماژه زیندوو ده‌بێته‌وه. ئیحای شیعر زیندووه چونکه له دونیایه‌کی بزێوه‌وه ده‌گاته لامان و بابه‌ت به ته‌اوی سڕاواته‌وه. ئا ئه‌م رچه‌یه که پێویست ده‌کات ئێمه هه‌میشه پێیدا هه‌ڵگژێین..."
شیعره‌کانی نه‌زه‌ند به‌گیخانی بۆ زۆر زمان وه‌رگێڕدراون له‌وانه ئینگلیزی، فه‌ڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی، عه‌ره‌بی، فارسی.
ده‌قی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی ژیان له فه‌رهه‌نگدا: