Accessibility links

له‌ ده‌رکه‌وتنێکی ده‌گمه‌ندا، به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانی ئاواره‌کانی وڵاته‌که‌یی کردووه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری دیمه‌شق و هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا سه‌رۆکی سوریا په‌یمانی داوه‌ له‌ شه‌ڕکردنی وه‌ک ده‌ڵێت ئه‌و چه‌کدارانه‌ی بوونه‌ته‌ مایه‌ی ناچارکردنی خه‌ڵک ماڵه‌کانیان جێبهێڵن به‌رده‌وام ده‌بێت وه‌ک له ڕاپۆرتی‌ ته‌له‌فزیۆنی وڵاته‌که‌دا باسکراوه‌.

ئه‌م سه‌ردانه‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د بۆ ئوردوگای ئاواره‌کان له‌ عه‌درا هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی سوریادا له‌و ناوچانه‌ی ده‌وروبه‌ری پایته‌ختی وڵاته‌که‌دا که‌ سه‌رهه‌ڵداوانی سوریا پێشتر کۆنترۆڵیان کردبوو.

سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆکی سوریا پێش نزیکه‌ی 4 مانگه‌ له‌ کۆتاییهاتنی فه‌رمیانه‌ی گه‌ڕی 7 ساڵه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی.

کاربه‌ده‌ستانی سوریا ده‌ڵێن هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی وڵاته‌که‌یان له‌ کاتی خۆیدا ده‌کرێت به‌پێی ده‌ستوری سوریا.
به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د ئاماژه‌ی داوه‌ به‌وه‌ی جارێکی تریش خۆی کاندید ده‌کاته‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆکایه‌تی، به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵه‌ هێشتا پشتڕاست نه‌کراوه‌ته‌وه‌.
ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌ ماوه‌ی 60 بۆ 90 ڕۆژ له‌ کۆتایی گه‌ڕی سه‌رۆکایه‌تی بکرێت که‌ ڕۆژی 17 مانگی 7 کۆتایی به‌ گه‌ڕی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د دێت.

سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مڕۆی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د یه‌که‌م ده‌رکه‌وتنی ئاشکرایه‌تی له‌وه‌تای مانگی هه‌شته‌وه‌.

به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د ده‌ڵێت سوریا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ شه‌ڕی دژی تێرۆریزم و تێرۆریستاندا که‌ خه‌ڵکیان ئاواره‌ کردووه‌ و تاوانی ناشرینیان دژ به‌ خه‌ڵک ئه‌نجام داوه‌.
حکومه‌تی سوریا سه‌رهه‌ڵداوانی وڵاته‌که‌ به‌ تێرۆریست ناودێر ده‌کات.

شه‌ڕی ناوخۆی سوریا پێ ده‌نێته‌وه‌ چواره‌م ساڵیه‌وه‌ و به‌پێی ڕاپۆرته‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ماوه‌ی 3 ساڵی ڕابردوودا زیاتر له‌ 140 هه‌زار که‌س کوژراون و نزیکه‌ی دوو ملیۆن و سێسه‌د هه‌زار که‌سیش ئاواره‌ی شانشینی ئوردون و لوبنان و تورکیا و میسر و عێراقیش بوون، ئه‌مه‌ بێ له‌وه‌ی شه‌ش ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار که‌سیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ئاماژه‌ی پێکردووه‌ له‌ناو وڵاته‌که‌دا ئاواره‌ن.
XS
SM
MD
LG