Accessibility links

ئه‌مریکا ئاگاهی ده‌دات به‌ ڕوسیا


ڕوسیا فڕۆکه‌ جه‌نگیه‌کانی خۆی ناردووه‌ بۆ چاودێریکردنی سنوره‌کانی له‌گه‌ڵ ئۆکرانیادا وه‌ک په‌ره‌سه‌ندنێکی خێرا بۆ بنکۆڵ کردنی حکومه‌تی کاتی ئۆکرانیا. له‌ ده‌مێکدا مۆسکۆ پاراستنی سه‌رۆکی پێشووی ئۆکرانیای له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ وه‌ک له‌ میدیای ڕوسیادا باسکراوه‌.
چه‌ک هه‌یگڵ، وه‌زیری به‌رگری وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئاگاهی داوه‌ته‌ مۆسکۆ تا هه‌نگاوێکی وه‌ها نه‌گرێته‌ به‌ر که‌ لێکدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ بکرێت.
به‌ڕێز هه‌یگڵ ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پشتیوانی له‌ سه‌روه‌ری ئۆکرانیا ده‌کات و هه‌روه‌هاش ده‌ڵێت پێویسته‌ ڕوسیا و وڵاتانی تریش پێشنیازی ڕێبه‌رایه‌تیه‌کی ژیرانه‌ بکه‌ن له‌ ئۆکرانیادا.
ئه‌م بڕیاره‌ی ڕوسیا هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ کۆنترۆڵ کردنی باڵه‌خانه‌ حکومه‌تیه‌کانی هه‌رێمی کرم له‌لایه‌ن ده‌یان چه‌کداره‌وه‌ که‌ به‌ چه‌کی قورس و سوکه‌وه‌ هێرشیان کردبووه‌ سه‌ر ئه‌و باڵه‌خانانه‌و پاش کۆنترۆڵ کردنیان ئاڵای ڕوسیایان له‌سه‌ر به‌رزکردۆته‌وه‌.

ئاژانسێکی ناوداری هه‌واڵ له‌ ڕوسیا ده‌ڵێت ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، سه‌رۆکی ‌پێشووی ئۆکرانیا له‌وه‌تای به‌هۆی خۆپیشاندانه‌کانی وڵاته‌که‌وه‌ کیێڤی پایته‌ختی جێهێشت له‌ دامه‌زراوێکی تایبه‌تی کرملن دانراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مۆسکۆ.

یانۆکۆڤیچ له‌ ڕاگه‌یاندنێکدا که‌ ده‌زگاکانی هه‌واڵ له‌ ڕوسیا بڵاویان کردۆته‌وه‌ داوای پاراستنی خۆیی کردووه‌ وه‌ک ده‌ڵێت له‌ توندڕه‌وان.

دواتر وه‌ک له‌ میدیای ڕوسیادا هاتووه‌ له‌ زاری کاربه‌ده‌ستێکی ڕوسیاوه‌ که‌ ناوی نه‌هێنراوه‌ ده‌ڵێن داواکه‌ی یانۆکۆڤیچ له‌ جێی خۆیدایه‌ ، به‌ڵام ده‌مڕاستی ڤلادمیر پوتن سه‌رۆکی ڕوسیا ده‌ڵێت هیچ زانیاریه‌کی نییه‌ له‌سه‌ر گه‌یشتنه‌که‌ی یانۆکۆڤیچ بۆ مۆسکۆ.

وه‌ک ئاگاهیدانێکی ئاشکرا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ سه‌رۆکی ڕوسیا فرمانی مه‌شق و ڕاهێنانێکی گه‌وره‌ی له‌شکری داوه‌ که‌ زۆربه‌ی یه‌که‌ له‌شکریه‌کانی وڵاته‌که‌ تیایدا به‌شدار ده‌بن.
XS
SM
MD
LG