Accessibility links

ڕوسیا مه‌شق و ڕاهێنانی له‌شکری ده‌کات و پێکدادانیش له‌ ئۆکرانیا به‌رده‌وامه‌


ڤلادمیر پوتن سه‌رۆکی ڕوسیا فرمانی مه‌شق و ڕاهێنانێکی له‌شکریی داوه‌ به‌ مه‌به‌ستی زانینی ئاستی ئاماده‌یی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی وڵاته‌که‌ی له‌ ڕۆژئاوا و ناوه‌ڕاستی ڕوسیادا و هه‌روه‌هاش ئه‌و ناوچانه‌ی نزیک سنوری ئۆکرانیان.

وه‌زیری به‌رگری ڕوسیا ده‌ڵێت؛ له‌شکر، هێزی ده‌ریایی، وه‌ هێزی سه‌ربازیش به‌شدار ده‌بن له‌ مه‌شق و ڕاهێنانه‌که‌دا بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئاستی ئاماده‌یی هێزه‌کانی وڵاته‌که‌ بۆ سه‌ر و سه‌ودا کردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌وشه‌ی وه‌ک مۆسکۆ ده‌ڵێت هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی سه‌ربازیی ڕوسیا.

هاوکات خۆپیشانده‌رانی سه‌ر به‌ ڕوسیا و ئه‌وانه‌ش که‌ لایه‌نگری ڕیبه‌رانی کاتی ئۆکرانیان له‌ شاری سیمفرۆپۆڵ ی باشوری وڵاته‌که‌ به‌ یه‌کیاندا داوه‌.
پێکدادانه‌کان بچوک بوون به‌ڵام خۆپیشانده‌ر هه‌بوون ده‌م و چاویان خوێناوی بووه‌ و له‌و پێکدادانانه‌ی له‌ باڵه‌خانه‌ی پایته‌ختی کریمیا ڕوویداوه.

دانیشتوانی دوڕگه‌ی کریمیا به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی به‌ زمانی ڕووسی قسه‌ ده‌که‌ن و پشتیوانی مۆسکۆ ده‌که‌ن هه‌رچه‌نده‌ که‌مایه‌تی ته‌ته‌ره‌کانیش له‌وێ ده‌ژین و هه‌ڵوێستیان دژی مۆسکۆیه‌.

نیگه‌رانی هه‌ن ئۆکرانیای 46 ملیۆن که‌سی ده‌شێت ڕووبه‌ڕووی دابه‌ش بوون بێت به‌سه‌ر ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتدا پاش ئه‌و چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی خۆپیشاندان کردن که‌ بووه‌ مایه‌ی له‌کارخستنی سه‌رۆک ڤیکتۆر یانکۆڤیچ دۆستی ڕووسیا.

جان کیری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڵێت نابێت ئۆکرانیا ناچار بکرێت مۆسکۆ یان واشنتۆن هه‌ڵبژێرێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ڕێبه‌رانی کاتی ئۆکرانیا ده‌سته‌یه‌کی تایبه‌تی هێزی ئاسایشیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ که‌ به‌ هێرشکردنی خوێناوی بۆسه‌ر خۆپیشانده‌ران گوناهبار کراوه‌ له‌ ده‌می خۆپیشاندانه‌کانی دژی حکومه‌ته‌که‌ی یانکۆڤیچ ده‌کران.
XS
SM
MD
LG