Accessibility links

جان کیری و موحه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف له‌ میونخ کۆده‌بنه‌وه‌


جان کیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ موحه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێراندا کۆبۆته‌وه‌.

ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه‌ش له‌ په‌راوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ بووه‌ و تیایدا هه‌ردوو وه‌زیر وتووێژیان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسێیانه‌ کردووه‌ که‌ تایبه‌تن به‌ به‌رنامه‌ ناوکیه‌ مشت و مڕ له‌سه‌ره‌که‌ی ئێران.

گه‌وره‌ کاربه‌ده‌ستێکی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ده‌ڵێت به‌ڕێز کیری گرنگی خواست باشی هه‌ردوو لای دانوستاندنه‌کانی بۆ به‌ڕێز زه‌ریف دووباره‌ کردۆته‌وه‌ و هه‌روه‌هاش به‌رده‌وامی ئێران بۆ وابه‌سته‌ بوون به‌ به‌نده‌کانی پلانی هاوبه‌ش بۆ جێبه‌جێکردن، واته‌ ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ی له‌ مانگی یازده‌ی ڕابردوودا له‌ ژنێڤ مۆرکرا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئه‌وه‌شی به‌ ڕوونی و ئاشکرایی باسکردووه‌ که‌ واشنتۆن به‌رده‌وام ده‌بێت له‌و سزایانه‌ی له‌سه‌ر ئێرانن.

کاترین ئاشتن، به‌ڕێوبه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌ڵێت کۆبوونه‌وه‌ دوو قۆڵیه‌که‌ی جان کیری و موحه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف کۆبوونه‌وه‌یه‌کی تابڵێی گرنگه‌، هاوکاتی ئاماده‌کاریه‌کانی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ وتووێژی زیاتری فره‌ لایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ تاراندا.

وه‌ها بڕیاره‌ ڕۆژی 18 ئه‌م مانگه‌ زلهێزه‌کانی جیهان گه‌ڕێکی تری دانوستاندنه‌کان له‌ ڤیه‌ننا له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌ وه‌ک هه‌وڵێک بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێکه‌وتنێکی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ ئێراندا له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی.

وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاواش ئێرانیان به‌ هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی چه‌کی ناوکی گوناهبار کردوه‌ و هه‌رچی ئێرانیشه‌ نکوڵی ده‌کات و ده‌ڵێت به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیانه‌یه‌.
XS
SM
MD
LG