Accessibility links

په‌رله‌مانی ئۆکرانیا یاساکانی دژی خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

  • VOA News

له‌ هه‌وڵێـکدا بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێکه‌وتنێـکی سیاسی له‌ ئۆکرانیا، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ کۆمه‌ڵێـک یاسای هه‌ڵوه‌شـانده‌وه‌ که‌ سنوور بۆ خۆپـیشـاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی داده‌نێت، هاوکات سه‌رۆک وه‌زیر میکۆلا ئازارۆڤ داوای ده‌سـت له‌کارکێشـانه‌وه‌ له‌ حکومه‌ت کرد.
ماڵپه‌ڕی حکومه‌تی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ هه‌واڵی ده‌ست له‌کارکێشـانه‌وه‌که‌ی ڕاگه‌یاند و به‌یانـنامه‌یه‌کی میکۆلا ئازارۆڤی بڵاوکرده‌وه‌ که‌ تیایدا نووسیویه‌تی ڕێکه‌وتنێـکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ وڵاتدا ده‌وێت، ئه‌مه‌ش له‌ پاش دوو مانگ له‌ به‌ڕێوه‌چوونی خۆپـیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ کیـیڤی پایته‌خت و به‌ تایبه‌تی که‌ له‌م دوایـیانه‌ توندوتیژی و پـێـکدادانی نێوان خۆپـیشـانده‌ران و پـۆلیسی لێـکه‌وته‌وه‌.

ئازارۆڤ گوتویه‌تی خوازیاره‌ ده‌سـت له‌کارکێشـانه‌وه‌که‌ی، که‌ ده‌بێت له‌ لایه‌ن سه‌رۆک ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ په‌سه‌ندبکرێت، هه‌لێـک بۆ ئاشته‌وایی بڕه‌خسێنێت و وڵاته‌که‌ی له‌م قه‌یرانه‌ سیاسیـیه‌ی تێیکه‌وتووه‌ ڕزگاربکات.
پاش چه‌ند کاژمێرێـک له‌ ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی ئازارۆڤ، په‌رله‌مان ئه‌و یاسایانه‌ی هه‌ڵوه‌شـانده‌وه‌ که‌ له‌ دژی خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی پـێشـتر په‌سه‌ندی کردبوون و بووبوونه‌ مایه‌ی ناڕه‌زایی توند له‌ دژی حکومه‌ت له‌ کییڤ و ناوچه‌ی دیکه‌. به‌ڵام سه‌رۆک ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ گوتی ئه‌و ده‌مه‌ی خۆپـیشـانده‌ران به‌ربه‌سـته‌کانیان لاده‌به‌ن و شه‌قامه‌کان چۆڵ ده‌که‌ن، ئه‌وا لێبوردنی گشـتی بۆ ئه‌و ده‌یان که‌سه‌ ده‌رده‌کات که‌ له‌ خۆپـیشـاندانه‌کاندا ده‌سـتگیرکرابوون.
XS
SM
MD
LG