Accessibility links

ئه‌ثیوپـیا: هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕی سودانی باشور قایل بوون له‌ ئه‌دیس ئه‌بابا وتووێژ بکه‌ن

  • VOA News

ئه‌ثیوپیا ده‌ڵێت حکومه‌تی سودانی باشور و ڕێبه‌ری یاخیبوان ڕێـک مه‌شار هه‌ریه‌که‌یان شـاندی خۆی بۆ ئه‌دیس ئه‌بابای پایته‌ختی ئه‌ثیوپـیا ڕه‌وانه‌ ده‌که‌ن، تاوه‌کو ده‌سـت به‌ وتووێژی ئاشـتی بکه‌ن.
حکومه‌تی ئه‌ثیوپـیا ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند، واته‌ له‌و ڕۆژه‌ی کۆمه‌ڵی هه‌شت وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فریکا IGAD پـێشـتر بڕیاری دابوو که‌ دوا مۆڵه‌ت ده‌بێت بۆ هه‌ردوو لایه‌نی شه‌ڕه‌که‌ ده‌ست به‌ دانوسـتاندنی ڕاسته‌وخۆ بکه‌ن.
وا بۆ زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ توندوتیژی له‌ سودانی باشور به‌رده‌وامه‌ و ڕۆژی سێشه‌ممه‌ شه‌ڕ له‌ شـاری بۆر هه‌ڵگیرسـایه‌وه‌ که‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو هێزه‌کانی حکومه‌ت له‌ ژێر ده‌سـتی هێزه‌کانی نه‌یارانیان ده‌رهێنایه‌وه‌. ئاژانسی فڕانس پـرێس له‌ زاری گوته‌بێژی ڕێـک مه‌شار بڵاویکرده‌وه‌ که‌وا چه‌کدارانیان جارێـکی دیکه‌ ده‌سـتیان به‌سه‌ر بۆردا گرتووه‌ته‌وه‌.
ئه‌م شه‌ڕانه‌ی سێشه‌ممه‌ دوابه‌دوای ئه‌وه‌ دێن که‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و یه‌کێتی ئه‌فریکا داوایان کرد ده‌ستبه‌جێ کۆتایی به‌ شه‌ڕه‌کان بهێنرێن.
شه‌وی دووشه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌نجومه‌نی ئاشتی و ئاسایشی یه‌کێتی ئه‌فریکا هه‌ریه‌که‌یان به‌یانـنامه‌یه‌کی ده‌رکرد و تیایدا گوتیان ده‌بێت ده‌سـتبه‌جێ وتووێژ ده‌سـتپتێبکات له‌ نێوان سه‌لڤا کیر سه‌رۆکی سودانی باشور و مه‌شار ڕێـک جێـگری پـێشـووی سه‌رۆک.
یه‌کێتی ئه‌فریکا داواشی له‌ سه‌لڤا کیر کرد ڕێبه‌ره‌ سیاسیـیه‌ ده‌سـتگیرکراوه‌کان ئازادبکات و هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی کرد سـزا به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا ده‌سه‌پـێنێت که‌ خه‌ڵـکی بۆ توندوتیژی هان ده‌ده‌ن.
XS
SM
MD
LG