Accessibility links

پـۆلیسى موسڵ بکوژى ڕۆژنامه‌وان نەورەس نەعێمى ده‌سـتگیرده‌کات

  • Amir Goran

دواى سێ رۆژ بەسەر کوژرانى نەورەس نەعێمى کچە رۆژنامەوان لە شارى موسڵ پۆلیسى ئەو شارە دەستگیرکردنى بکوژى ئەو خانمەى راگەیاند.
بەیاننامەیەکى هێزى هاوبەشى پـیادەى سوپا و پۆلیس دەڵێت دەستگیرکردنى یەکێک لە بکوژانى ئەو خانمە بەپشت بەستن بە زانیارى هەواڵگیرى بووه‌ له‌گه‌ڵ سوودوەرگرتن لە گه‌واهیده‌رانی ڕووداوەکە. دەشڵێت لە رێگاى دەستگیرکراوەکەوە دەتوانن تەواوى باندەکە دەستگیربکەن، ئەسیل نوجەیفى پارێزگارى موسڵیش لە پەیوەندیەکدا بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند بکوژەکە لە بەردەم دادوەرى لێکۆلینەوە دانى بە تاوانەکانى ناوه‌.
یاسر حەمدانى بەرپرسى کۆمەڵەى عێراقى بۆ داکۆکیکردن لە مافى رۆژنامەنووسان لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمریکا هیوا دەخوازێت دۆسیەى ئەو خانمە رۆژنامەوانەش وەکو دۆسیەى تەواوى رۆژنامەنووسانى ترى لێ نەیه‌ت.
شایەنى باسە ئێوارەى رۆژى یەکشەممە لە گەرەکى جەزائیر لە رۆژهەڵاتى موسڵ چەند چەکدارێک دەستڕێژى گولـلەیان لە نەورەس نەعێمى کچە رۆژنامەوان و پێشکەشکارى بەرنامە لە کەنالى ئەلموسڵیە کرد و کوشتیان.
کوژرانى نەورەسى تەمەن 19 ساڵ کاردانەوەى بەرفراوانى لە شەقامى عێراقیدا دروستکرد و هێزە ئاسایشیەکانى شارەکەشى ڕووبەڕووى ڕەخنەى زۆر کرد.
XS
SM
MD
LG