Accessibility links

سه‌ربازێـکی ئیسرائیلی له‌ نزیک سـنووری لوبنان ده‌کوژرێت


سه‌ربازێـکی ئیسرائیلی شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ لوبنانه‌وه‌ ته‌قه‌ی لێـکراوه‌ و کوژراوه‌ و هێزه‌کانی ئیسرائیلیش 2 سه‌ربازی لوبنانیـیان له‌ نزیک سـنووره‌که‌وه‌ بینیوه‌ و ته‌قه‌یان لێکردوون و یه‌کێـکیان بریندارکردوون‌.
ئیسرائیل گوتی سه‌ربازه‌که‌ی که‌ له‌ نزیک به‌ربه‌سـتی سنووری له‌ ڕه‌ئس ئه‌لناقوره‌ ئۆتۆمبیلی لێده‌خوڕی سێره‌گرێـکی له‌شـکری لوبنان ته‌قه‌ی لێـکردبوو. پاشان له‌شـکری ئیسرائیل 2 سه‌ربازی لوبنانی دیوه‌ که‌ جێگه‌ی گومان بوون و ته‌قه‌یان لێـکردوون.
سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ ئاسایشی لوبنانیش گوتی سه‌ربازێـکی لوبنانی بێ سه‌روشوێنه‌، به‌ڵام به‌یانی دووشه‌ممه‌ له‌شـکری لوبنان ڕایگه‌یاند که‌وا سه‌ربازه‌که‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌.
موشی یه‌علۆن وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل گوتی ئه‌فسه‌رانی ئیسرائیلی و لوبنانی و هێزه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دووشه‌ممه‌ به‌ مه‌به‌سـتی هێورکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌که‌ کۆده‌بنه‌وه‌.
هه‌روه‌ها یه‌علۆن حکومه‌ت و له‌شـکری لوبنانی له‌ ڕووداوه‌که‌ به‌ به‌رپـرسیار زانی و گوتی داوا له‌ له‌شـکری لوبنان ده‌که‌ین ڕوونی بکاته‌وه‌ چی ڕوویدابوو و چیـیان له‌و سه‌ربازه‌ کردووه‌ و چیش ده‌که‌ن بۆ ڕێـگه‌گرتن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ ڕووداوانه‌. گوتیشی چاوپـۆشی له‌ هیچ هێرشێـک ناکه‌ن سه‌روه‌ری ئیسرائیل پـێشـێل بکات.
XS
SM
MD
LG