Accessibility links

هه‌له‌و واشنتن: ڕاگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کوردی له‌ سوریا

  • Haider Kareem
  • Robin Rashwan

له‌سه‌ر پـێشـنیاری پارتی یه‌کێتی دیموکراتی کوردی سوریا (په‌یه‌ده‌)، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ شـاری قامیشلۆ پـرۆژه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیـیه‌کی کاتی بۆ‌ ناوچه‌ کوردیــیه‌کانی سوریا ڕاگه‌یه‌ندرا و تیایدا بڕیاردرا ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی په‌یه‌ده‌‌ بۆ سێ که‌رت دابه‌شبکرێن که‌ بریتی ده‌بن له‌ جه‌زیره‌ و کۆبانی و عه‌فرین. وه‌ک ده‌گوترێت له‌ پـێـکهاته‌کانی ناوچه‌که‌ به‌ کورد و عه‌ره‌ب و سریان و چیچان پـێـکده‌هێنرێت.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ جێگه‌ی خۆشـحاڵی زۆرێـک له‌ کوردان بوو، به‌وه‌ی کوردی سوریا به‌و ڕۆژه‌ گه‌یشـتووه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام که‌میش نین ئه‌وانه‌ی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی سوریا ناڕه‌زایی له‌ به‌رامبه‌ریدا ده‌رده‌بڕن.
ناڕه‌زایـیه‌کان جیاوازن. لایه‌نه‌ کوردیـیه‌کانی سوریا، ئه‌وانه‌ی ڕکابه‌ری په‌یه‌ده‌ ده‌که‌ن ده‌ڵێن ئه‌و 35 پارت و ڕێـکخراوه‌ی به‌شـداریـیان له‌ ڕاگه‌یاندنه‌که‌دا کردبوو،‌ هه‌موویان سه‌ر به‌ په‌یه‌ده‌ن و ئه‌مه‌ ته‌نها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌یه‌ده‌ خۆی ده‌بێت.
هاوبه‌ندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریاش زۆر به‌ توندی له‌ دژی ئه‌م بڕیاره‌ن، له‌وانه‌ بورهان غه‌لیون ئه‌ندامی باڵای ئۆپـۆزسیۆن ده‌ڵێت ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ڕژێمی به‌شـار ئه‌سه‌ده‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌که‌ که‌ مه‌ترسی دابه‌شـکردنی وڵاته‌که‌ی لێده‌کرێت.
له‌ کوردسـتانی عێراقیش پارتی دیموکراتی کوردسـتان که‌ له‌م دوایـیانه‌دا که‌وتووه‌ته‌ ناکۆکیـیه‌کی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌دا، ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردسـتان وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردسـتان له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کدا ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ په‌یه‌ده‌ گرت، ده‌ڵێت په‌یه‌ده‌ سوودی له‌ ڕێـکه‌وتنی هه‌ولێر وه‌رگرتووه‌ و به‌ نهێنی له‌گه‌ڵ ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ڕێـکه‌وتووه‌ و تاکڕه‌وی په‌یڕه‌و ده‌کات و حزبه‌ کوردیـیه‌کانی دیکه‌ی به‌لاوه‌ناوه‌.
تورکیاش لای خۆیه‌وه‌ پـرۆژه‌که‌ی ڕه‌تکردووه‌ته‌وه‌ و له‌ زاری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ئه‌حمه‌د داوود ئۆغڵو به‌ یاریکردن به‌ ئاگر ناوی‌ برد.
ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و ئه‌م به‌ڕێزانه‌ میوانه‌کان بوون:
دکتۆر ناسر حاجی مه‌نسور، ئه‌ندامی ڕێبه‌رایه‌تی ته‌ڤ ده‌م.
محه‌مه‌د موسا، سه‌رۆکی پارتی چه‌پـی کوردی سوریا.
مسته‌فا جومعه‌، سه‌رۆکی پارتی ئازادی له‌ سوریا.
XS
SM
MD
LG