Accessibility links

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سێشه‌ممه‌ی ئه‌مه‌ریکا


تێری مێکاڵفی دیموکرات پێشه‌بڕکێی فه‌رمانداری ڤه‌رجینیای برده‌وه‌ له ‌کاتێکدا ده‌نگه‌کانی به‌ ڕێژه‌یه‌کی که‌م له‌ کاندیدی کۆنه‌پارێزی سه‌ر به‌ "تی پارتی" زیاتر بوو، له‌ هه‌مان کاتدا فه‌رمانداری نیوجێرسی کرس کرستی جارێکی دیکه‌ سه‌رکه‌وتنی به‌ ده‌ست هێنایه‌وه‌ له‌ پێشبڕکێکه‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا.
یه‌کێک له‌ پێشبڕکێ سه‌ره‌کییه‌کانی تری ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ نیویۆرک بوو، که‌ له‌وێ ده‌نگده‌ران بل دی بلاسیۆی دیموکراتیان هه‌ڵبژارد و ئه‌مه‌ش یه‌که‌م شه‌هرداری دیموکراته‌ له‌ ساڵی 1989 وه‌ له‌و شاره‌دا. ناوبراو جێگای مایکڵ بلومبه‌رگی گرته‌وه‌ که‌ پێشتر کۆماری بوو پاشان بوو به‌ سه‌ربه‌خۆ.
له‌ نیوجێرسی کرستی له‌ سه‌دا 50 زیاتری ده‌نگه‌کانی به‌ پشتیوانی دیموکراته‌کان و سه‌ربه‌خۆکان به‌ده‌ستهێنا. کرستی له‌ ساڵی ڕابردوو کۆمارییه‌ هه‌ره‌ کۆنه‌پارێزه‌کانی توڕه‌ کرد کاتێک له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ئۆباما دۆستایه‌تی په‌یدا کرد له‌ کاتی هه‌وڵه‌کانی بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌و ویلایه‌تانه‌ی که‌ به‌هۆی زریانی ساندی زیانیان لێکه‌وتبوو.
له‌ ڤێرجینیاش پێشبڕکێی فه‌رماندار زۆر سه‌خت بوو که‌ ده‌نگده‌رانی ناوچه‌کانی ده‌ورو‌به‌ری واشنتنی پایته‌خت و ناوچه‌ دوره‌ده‌سته‌ کۆنه‌پارێزه‌کانیش تیایدا به‌شدار بوون. مێکاڵفی دیموکرات به‌ جیاوازیه‌کی زۆر که‌م سه‌رکه‌وتنی به‌سه‌ر کین کوچینه‌لی کۆنه‌پارێزی سه‌ر به‌ تی پارتی به‌ده‌ست هێنا.
شایه‌نی باسه‌ شاره‌زایانی سیاسی له‌ ئه‌مه‌ریکا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پێشبینی ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی ساڵی داهاتوو بۆ کۆنگرس ده‌که‌ن.
XS
SM
MD
LG