Accessibility links

جان کێری: ئه‌مه‌ریکا له‌ چاودێریکردنه‌کانی زۆر ڕۆیشـتووه‌

  • VOA News

جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت ئه‌و چاودێریانه‌ی ده‌زگا سیخوڕیـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا کردوویانه‌ته‌ سه‌ر تۆڕه‌کانی ئنته‌رنێت و په‌یوه‌ندیـیه‌ ته‌له‌فۆنیـیه‌کان له‌ هه‌ندێـک حاڵه‌تدا زۆر تیایدا ڕۆیشتبوون‌، وه‌ به‌ڵێنی دا ئه‌وه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.
جان کێری ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ واشنتنه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڤیدیۆیه‌کی ڕاسته‌وخۆ بۆ کۆنگره‌یه‌ک له‌ له‌نده‌ن ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند.
ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن له‌م دوایـیانه‌ له‌ ڕاپـۆرته‌ هه‌واڵیـیه‌کانیاندا باسیان له‌ چاودێریکردنی ئاژانسی ئاسایشی نیشـتیمانی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر مۆبایله‌که‌ی ئه‌نگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا و هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانانی دیکه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌کرد، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایـیه‌کی زۆری له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا لێـکه‌وته‌وه‌ و هه‌روه‌هاش له‌ ناوخۆی واشنتنی پایته‌ختیش. ڕاپـۆرته‌ هه‌واڵیـیه‌کان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ کراون که‌ له‌ لایه‌ن ئێدوارد سنۆدن کارمه‌ندی پـێشووی ئاژانسی نیشـتیمانی ئه‌مه‌ریکاوه‌ بڵاوکرانه‌وه‌.
ناڕه‌زایـیه‌کان له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاسیاشی گرته‌وه‌ و دوێنێ پـێـنجشه‌ممه‌ ئه‌نده‌نوسیا باڵیۆزی ئوسـترالیا له‌ جاکارتاری پایته‌خت بانگهێشتکرد، دوابه‌دوای ئه‌و ڕاپـۆرتانه‌ی ئاماژه‌یان به‌وه‌ ‌کرد که‌ ئوسـترالیا ڕێگه‌ی به کارکردنی به‌رنامه‌ چاودێریـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکای داوه‌ له‌ باڵیۆزخانه‌کانی خۆی له‌ ئه‌نده‌نوسیا و تایله‌ند و ڤێتنام و چین و تیمۆری ڕۆژهه‌ڵات.
کۆمیته‌ی تایبه‌ت به‌ کاروباری سیخوڕی له‌ ئه‌نجومه‌نی سیناتی ئه‌مه‌ریکا ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ پـرۆژه‌ بڕیارێـکی په‌سه‌ندکرد که‌ سـنوور بۆ ده‌زگاکانی سیخوڕی داده‌نێت له‌ تۆمارکردنی په‌یوه‌ندیـیه‌ ته‌له‌فۆنی و ئنته‌رنێتیـیه‌کاندا. هه‌روه‌ها کۆمیته‌که‌ له‌ پـرۆژه‌ بڕیاره‌که‌یدا پـێشـنیاری کردووه‌ هه‌تا ماوه‌ی 5 سـاڵ په‌یوه‌ندیـیه‌ تۆمارکراوه‌کان هه‌ڵبگیرێن.
XS
SM
MD
LG