Accessibility links

ئێران:ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌تریاڵی ناوکی هێڵی سوره‌


کاربه‌ده‌ستێکی ئێرانی ده‌ڵێت مه‌تریاڵه‌ ناوکیه‌کانی تاران ناگوێزرێنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران.

ئه‌مه‌ش ڕه‌تکردنه‌وه‌ی داوای زلهێزه‌کانی جیهانه‌ هاوکاتی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لا له‌ خۆ ئاماده‌کردندان بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی وتووێژه‌کان له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی ناوکی ئێران.

له‌ ڕاپۆرتێکدا که‌ ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تی ئێرانه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ له‌ زاری عه‌باس ئه‌ره‌قچی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت گواستنه‌وه‌ی مه‌تریاڵی ناوکی ئێران هێڵی سوره‌.

وه‌ها بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له‌ ژنێڤ، ئێران وتووێژ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی بکات له‌گه‌ڵ پێنج ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌ییه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و هه‌روه‌ها ئه‌ڵمانیا.
ئه‌مه‌ش یه‌که‌م دانوستاندنه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی ئێران له‌وه‌تای حه‌سه‌ن ڕۆحانی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی وڵاته‌که‌ی وه‌رگرت له‌ مانگی هه‌شتی ڕابردوودا.

پێشتر حه‌سه‌ن ڕۆحانی په‌یمانی دابوو بۆ گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی دیپلۆماتی به‌ مه‌به‌ستی هێورکردنه‌وه‌ی سزاکانی به‌هۆی به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌یه‌وه‌ سه‌پێندراونه‌ته‌ سه‌ری.

مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد، سه‌رۆکی پێشوی ئێران داواکانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانی جێبه‌جێ نه‌کرد بۆ ڕاگرتنی به‌رنامه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆم که‌ زلهێزه‌کانی ڕۆژئاوا له‌وبڕوایه‌دان ئامانجی ئێران له‌و به‌رنامه‌یه‌ی دروستکردنی چه‌کی ناوکییه‌.
له‌و لێدوانانه‌یدا بۆ ته‌له‌فزیۆنی ئێران ئه‌ره‌قچی جه‌ختی کرده‌وه‌ له‌وه‌ی تاران ئێران دانوستاندن ده‌کات له‌سه‌ر ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم.
XS
SM
MD
LG