Accessibility links

له‌ هه‌ولێر چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌ک ڕووده‌ده‌ن


هه‌ولێر

هه‌ولێر

له‌ پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستانی عێراق دوو هێرشبه‌ری خۆکوژ خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه‌ و به‌لانی که‌م شه‌ش کارمه‌ندی ئاسایشی ده‌کوژرێن و نزیکه‌ی 30 که‌سیش بریندارن.

کاربه‌ده‌ستانی کورد لۆمه‌ی هیچ ڕێکخراویکی توندڕه‌ویان نه‌کردووه‌ بۆ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ولێر .

کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌که‌ن.

له‌ لێدوانێکدا بۆ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مریکا نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ڵێت له‌ ئێستادا هه‌نگاوی توندی ئاسایشی گیراونه‌ته‌ به‌ر له‌ هه‌ولێر.

پارێزگاری هه‌ولێر له‌ لێدوانێکیشیدا بۆ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس گوتوویه‌تی ‌ پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه یه‌که‌م جار‌ هێرشبه‌رێکی خۆکوژ به‌ ئۆتۆمبێله‌که‌یه‌وه‌ خۆی کردووه‌ به‌و بنکه‌ی پشکنینه‌دا که‌ له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ ئاسایشیه‌کانی تردا بووه‌ له‌ شاری هه‌ولێر و کاتێکیش خه‌ڵک و تیمه‌کانی فریاگوزاری به‌ره‌و شوێنی ڕووداوه‌که‌ ده‌چوون ئۆتۆمبێلی دووه‌م که‌ ئامبۆلانسێک بوو ته‌قیه‌وه‌.

جه‌ند خوله‌کێک دواتریش وه‌ک نه‌وزاد هادی ده‌ڵێت چه‌کداره‌کان ده‌ستیان کردووه‌ به‌ ته‌قه‌کردن له‌ هێزه‌ ئاسایشیه‌کان و له‌و شه‌ڕه‌شدا به‌لانی که‌م چوار له‌ هێرشبه‌ره‌کان کوژراون.

ڕێکه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق زیانه‌ گیانیه‌کانی پشتڕاست کردۆته‌وه‌.

ڕادیۆی نه‌وا له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ڵێت ڕێکخراوی ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشانه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌ولێر ڕاگه‌یاندوه.
ڕادیۆی نه‌وا ده‌شڵێت سه‌رجه‌م 62 که‌س له‌ هێرشه‌کاندا کوژراو و بریندارن و 42 که‌سیان له‌ هێزه‌کانی ئاسایشی هه‌رێمن و ئه‌وانی تریش خه‌ڵکی سیڤیڵن. ‌

هه‌رێمی خودموختاری کورده‌کان به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌رێمێکی ئارام بووه‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی تری عێراقدا.
XS
SM
MD
LG