Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما به‌ ته‌له‌فون قسه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئێران ده‌کات

  • VOA News

سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا براک ئۆباما ڕایگه‌یاند که‌وا به‌ ته‌له‌فون قسه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئێران حه‌سه‌ن ڕوحانی کردووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌که‌م په‌یوه‌ندی نێوان دوو ڕێبه‌ری ئه‌مه‌ریکا و ئێران له‌وه‌تای سـاڵی 1979 وه‌.
سه‌رۆک ئۆباما ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ کۆشـکی سـپی به‌ ڕۆژنامه‌وانانی گوت خۆی و ڕوحانی په‌یوه‌ندیـیه‌کی بنیاتنه‌ریان ئه‌نجامداوه‌‌.
گوتیشی ئه‌و پـێیوایه‌ هه‌ردوو وڵات ده‌توانن به‌ چاره‌سه‌رێـکی گشتی بگه‌ن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌ی ئێران.
هه‌روه‌ها گوتی ئه‌مه‌ریکا له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانی ده‌کات، له‌وانه‌ ئیسرائیل.
پاشـان سه‌رۆک ئۆباما گوتی ئه‌مه‌ریکا له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆکی ئێسـتای ئێران حه‌سه‌ن ڕوحانی هه‌لێـکی ڕاسته‌قینه‌ی له‌ به‌رده‌مدایه‌ بۆ په‌ره‌پـێدانی په‌یوه‌ندیـیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئێراندا. جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه‌ ئه‌مه‌ریکا خوازیاره‌ به‌ ڕێـگه‌ی دیپـلۆماسی مه‌سه‌له‌کان له‌گه‌ڵ ئێراندا چاره‌سه‌ر بکات.
سه‌رۆکایه‌تی ئێرانیش لای خۆیه‌وه‌ باسی له‌ په‌یوه‌ندیـیه‌که‌ کرد و له‌سه‌ر ماڵپه‌ره‌که‌ی نووسیویه‌تی " هه‌ردوو سه‌رۆک جه‌ختیان له‌سه‌ر خواستی سیاسی کردووه‌ته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ ناوکیـیه‌که‌ به‌ خێراترین کات. پاشـان زه‌مینه‌ خۆشکردن بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌کانی دیکه‌ و له‌گه‌ڵیدا هاوکاریکردن له‌ مه‌سه‌له‌ هه‌رێمیـیه‌کاندا."
هه‌روه‌ها ماڵپه‌ره‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئێران نووسیویه‌تی هه‌ردوو سه‌رۆک ڕێـکه‌وتوون وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌یان ڕابسپـێرن بۆ ئه‌رکی ئاماده‌کردنی بارودۆخی گونجاو بۆ هاوکاریکردنی پـێویست له‌ زووترین کاتدا.
جێی ئاماژه‌یه‌ کاربه‌ده‌سـتێـکی باڵای ئه‌مه‌ریکا ئاشـکرای کرد حه‌سه‌ن ڕوحانی به‌ر له‌وه‌ی ڕۆژی هه‌ینی ئه‌مه‌ریکا جێبهێڵێت، خواستی خۆی بۆ وتووێژکردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆک ئۆباما نیشانداوه‌. گوتیشی په‌یوه‌ندیـیه‌ ته‌له‌فونیـیه‌که‌ نزیکه‌ی 15 خوله‌ک درێژه‌ی کێشـاوه‌.
XS
SM
MD
LG