Accessibility links

شیانی هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریکا باش بـبێت

  • VOA News

بڕیاره‌ جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و جه‌واد زه‌ریفی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کۆبـبنه‌وه‌ له‌ چوارچیوه‌ی ئه‌و وتووێژانه‌ی نێوان ئێران و زلهێزانی جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چن له‌ باره‌ی به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌ی ئێرانه‌وه‌. به‌ڵام ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ بـبێته‌ هه‌نگاوی یه‌که‌م به‌ ئاڕاسته‌ی تواندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌که‌ی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا هه‌یه‌. جێف سالدین له‌ ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ڕاپـۆرتێـکی له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌کردووه‌ و ئه‌مه‌ش ده‌قه‌که‌ی به‌ کوردی.
له‌ ئێران هێشـتا یادی ئاهه‌نگه‌ گه‌روه‌کانی پاش هه‌ڵبژاردنی حه‌سه‌ن ڕوحانی به‌ سه‌رۆک له‌ هزری زۆر که‌سدایه‌، له‌گه‌ڵیشیدا هیوایه‌ک هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ره‌تای په‌یوه‌ندیه‌کی نوێ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ته‌واوی وڵاتانی جیهاندا.
سه‌رۆک حه‌سه‌ن ڕوحانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێـکه‌وتنی به‌ره‌و باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ نیویۆرک، سه‌رله‌نوێ گڕ و تینێـکی دیکه‌ی دایه‌ ئه‌و هیوایه‌ که‌ له‌ دڵی خه‌ڵـکیدا و په‌یمانی دا ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی ئێران پـیشـانی جیهان بدات.
سه‌رۆک ئۆباماش لای خۆیه‌وه‌ هیوایه‌کی زیاتری داوه‌ بۆ شیانی تواندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌سته‌ڵه‌که‌ی له‌ نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئێراندا هه‌یه‌، هه‌ر وه‌ک چۆن له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی گه‌ڕی یه‌که‌می سه‌رۆکایه‌تیـیه‌که‌ی باسی لێ ده‌کرد.
ئێستاش ئه‌و دوو سه‌رۆکه‌ وا به‌ره‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڕۆن و له‌وێش نیازه‌کانیان ده‌رده‌که‌وێت.
جۆرج پـێرکۆڤیچ له‌ ناوه‌ندی کارنگی ئینداومێنت بۆ ئاشـتی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت ده‌ست به‌ خاوێنـکردنه‌وه‌ بکه‌ین، ئه‌وا زۆر شت له‌ باوڵی هه‌ردوو لادا هه‌یه‌ ده‌بێت فڕی بدرێن.
جۆرج پـێرکۆڤیچ که‌ سه‌رۆکی به‌رنامه‌ی سیاسه‌تی ناوکیـیه‌ له‌ ناوه‌ندی کارنگی ئینداومێنت بۆ ئاشـتی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌روه‌ها له‌ مێژه‌وه‌ چاودێرێـکی ئێرانه‌ ده‌ڵێت:
" ئه‌مه‌ریکایـیه‌کان له‌ ناخه‌وه‌ بڕوایان به‌ ئێران نیـیه‌، به‌ڵام حه‌زه‌که‌م ئه‌وه‌ش به‌ خه‌ڵـکی ئێره‌ بڵێم حکومه‌تی ئێرانیش هه‌زار هێنده‌ زیاتر بڕوای به‌ ئه‌مه‌ریکا نیـیه‌."
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشـتا به‌شێـکی زۆری جیهان گومانیان له‌ نیازه‌کانی ئێران هه‌یه‌، به‌ڵام زۆرێـک له‌ چاودێران پـێـیان وایه‌ ڕه‌وشه‌که‌ی ئێسـتا ڕه‌نگه‌ له‌باربێت بۆ به‌دیهێنانی گۆڕانکاری.
ئابوری ئێران به‌هۆی سـزاکان زیانی گه‌وره‌ی پـێـگه‌یشتووه‌، وه‌ به‌ ده‌ست بێـکاری و هه‌ڵئاوسانی دراوی ده‌ناڵێنێت.
سه‌رۆک ئۆباما که‌ له‌ ئێسـتادا ئاگاهی داوه‌ شیانی هه‌یه‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌سـتێوه‌ردانی له‌شـکری له‌ سوریا هه‌بێت، ڕه‌نگه‌ خوازیار نه‌بێت بۆ ڕاگرتنی به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌ی ئێران په‌نا بۆ هێزی له‌شـکری به‌رێت.
مایک ئۆهانلن له‌ ئنستـتیوتی برۆکینگز ده‌ڵێت:
" پـێم وایه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌‌ به‌ ڕێـکه‌وتنێـکی ڕاسته‌قینه‌ بگه‌ن و هه‌ردوو لا به‌ ڕاستی وابه‌سـته‌ی بن."
به‌ڵام ئه‌و پـرسیاره‌ی له‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ سه‌روبه‌ندی پـێشـهاته‌کان گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت، ئه‌وه‌یه‌ ئایا سه‌ره‌تای گه‌یشتن به‌ سه‌ودایه‌کی له‌و جۆره‌ شیانی هه‌یه‌ بێته‌ دی؟.
XS
SM
MD
LG