Accessibility links

ڕوحانی ئاماده‌یی ده‌رده‌بڕێت بۆ دانوستاندنی ناوکی


حه‌سه‌ن ڕوحانی سه‌رۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ڵێت حکومه‌ته‌که‌ی ئاماده‌یه‌ بۆ وتووێژکردن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ناوکی ئێران به‌ڵام ته‌نها له‌و ده‌مه‌دا که‌ دانوستاندنه‌کان به‌بێ مه‌رجی پێشوه‌خت بن.

له‌ میانه‌ی نومایشتێکی له‌شکریدا ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ سه‌رۆکی ئێران گوتوویه‌تی ده‌بێت وڵاتانی ڕۆژئاوا به‌ مافی ئێران قایل بن بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم له‌ چوارچێوه‌ی یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا.

هه‌ر له‌و لێدوانه‌یدا حه‌سه‌ن ڕوحانی جه‌ختی کردۆته‌وه‌ که‌ به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌ی ته‌نها و ته‌نها بۆ مه‌به‌ستی ئاشتیانه‌یه‌.

وه‌ها بڕیاره‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ حه‌سه‌ن ڕوحانی بکه‌وێته‌ ڕێ به‌ره‌و نیۆیۆرک به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کاندا.

تا ئێستا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان چوار جۆر سزای سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر ئێراندا و تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت تاران پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕانه‌گرتووه‌.

وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانیشی سزای ئابووریان داوه‌ به‌سه‌ر ئێراندا له‌وانه‌ کۆت و به‌ند کردنی بازرگانی نه‌وت و سیسته‌می بانکی ئێرانیش. ئه‌م سزایانه‌ش پاش ڕه‌تکردنه‌وه‌کانی تاران هات بۆ ڕێگه‌پێدانی پشکنه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی که‌ ده‌ویسترا سه‌ردانی دامه‌زراوه‌ ناوکیه‌کانی ئێران بکه‌ن.
بڕوایه‌کی زۆر هه‌یه‌ که‌ ئێران له‌ هه‌وڵی دروستکردنی چه‌کی ناوکیدایه‌.
XS
SM
MD
LG