Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما ئاگاهی به‌ ئێران ده‌دات


سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت خۆیی و سه‌رۆکی نوێی ئێرانی حه‌سه‌ن ڕۆحانی ئاڵوگۆڕی ژماره‌یه‌ک نامه‌یان کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی سوریا و ده‌شڵێت دیپلۆماسی و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌شکریی پێکه‌وه‌ ده‌بنه‌ مۆدێلێک بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ تاران سه‌باره‌ت به‌ خواستی‌ ناوکی ئێران.

له‌ دیمانه‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنیدا که‌ ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت پێویسته‌ ئێران خۆی له‌و جۆره‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ دوور بخاته‌وه‌ که‌ وه‌ها بزانێت چونکه‌ له‌ سوریا نه‌دراوه‌ ئه‌وا ئیدی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئێران نادات به‌هۆی به‌رنامه‌ ناوکیه‌که‌یه‌وه‌.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ڕێبه‌رانی ئێران ده‌زانن و له‌ نیگه‌رانیه‌کانی ئه‌مریکا تێگه‌یشتوون سه‌باره‌ت به‌ ئێرانێکی چه‌کدار به‌ چه‌کی ناوکی و وه‌ک ده‌ڵێت بۆ ئه‌مریکا دۆسێیه‌کی زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ دۆسێی سوریا.

سه‌رۆک ئۆباما به‌ که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی (ئه‌ی بی سی) گوتووه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی بۆسه‌ر ئیسرائیل له‌لایه‌ن ئێرانێکی خاوه‌ن چه‌کی ناوکیه‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڕيسه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌مریکا بێت.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت هاتنه‌ ئارای پێشه‌بڕکێی چه‌کی ناوکی له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌بێته‌ مایه‌ی ناسه‌قامگیریه‌کی گه‌وره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
XS
SM
MD
LG