Accessibility links

سه‌رۆکی ڕوسیا به‌ مه‌رج پشتیوانی له‌ بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دژ به‌ سوریا ده‌کات


ڤلادمیر پوتن، سه‌رۆکی ڕوسیا ده‌ڵێت به‌ دووری نازانێت پشتیوانی له‌ بڕیارێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بکات بۆ ئۆپه‌راسیۆنێکی له‌شکریی دژی سوریا ئه‌گه‌ر بسه‌لمێندرێت هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی حکومه‌تی سوریا چه‌کی کیمیاییان به‌کارهێناوه‌ دژی وڵاتیانی سیڤیڵی.

ڤلادمیر پوتن به‌ ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس و ته‌له‌فزیۆنی ڕوسیای گوتووه‌ پێویسته‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌ڵگه‌ی بڕواپێکراو بخاته‌ به‌رده‌ست یو- ئێن و ئاگاهیشی داوه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر کرده‌یه‌کی له‌شکریی ئه‌مریکا دژی سوریا به‌بێ په‌سه‌ندکردنی له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌.

به‌ڕێز پوتن ده‌شڵێت ڕوسیا ناردنی موشه‌که‌کانی جۆری ئێس 300 ی دژه‌ ئاسمانی بۆ سوریا ڕاگرتووه‌.

ڕوسیا له‌م هه‌فته‌یه‌دا میوانداریی کۆبوونه‌وه‌ی لوتکه‌یی کۆمه‌ڵه‌ی 20 ده‌کات له‌ سانت پیته‌ر‌سبۆرگ و وه‌هاش چاوه‌ڕوان ده‌کرێت دۆسێی سوریا یه‌کێک بێت له‌ ته‌وه‌ره‌ گرنگه‌کانی کۆبوونه‌وه‌که‌.

سه‌رۆک ئۆباما له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ناوخۆیی و نێونه‌ته‌وه‌ییدایه‌ بۆ هه‌نگاو گرتنه‌ به‌ر دژی حکومه‌تی سوریا.

هاوکات ده‌شێت هه‌ر ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ کۆمیته‌یه‌کی سه‌ره‌کی سیناتی ئه‌مریکا ده‌نگدان بکات له‌سه‌ر به‌رنوسێک که‌ تیایدا ده‌سه‌ڵات ده‌دات به‌ له‌شکری ئه‌مریکا بۆ لێدانی سوریا.
ڕێبه‌رانی کۆمیته‌ی په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌وه‌ییه‌کان دره‌نگانێکی ڕۆژی 3 شه‌ممه‌ ڕێکه‌وتوون له‌سه‌ر ورده‌کاری ئه‌و پلانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌دات به‌ سه‌رۆک ئۆباما تا فرمان بدات به‌ هێرشی سنوردار بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌ له‌شکریه‌کانی سوریا.
ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدانه‌ش ته‌نها بۆ 60 ڕۆژه‌ و به‌ڵام سه‌رۆک ئۆباما ده‌توانێت بۆ ماوه‌ی 30 ڕۆژی تر به‌پێی مه‌رجی دیاریکراو درێژی بکاته‌وه‌.

هه‌ر ڕۆژی 3 شه‌ممه‌ جان کێری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ئاماده‌ی دانیشتنێکی کۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌وه‌ییه‌کانی سینات بوو.


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌ڵێت زانیاریه‌کان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نین که‌ سوریا چه‌کی کۆمه‌ڵکوژی هه‌یه به‌ڵکو به‌کاریشی هێناون و به‌کارهێنانه‌که‌ش جارێک و دووان و سیان نییه‌ به‌ڵکو چه‌ندان جار. ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌یان جار و ئۆپزسیۆنی سوریاش ده‌ڵێت زۆر زیاتریش.

سه‌رۆکی ڕوسیا له‌ دیمانه‌که‌ی ڕۆژی سێشه‌ممه‌یدا ‌گومانی خستۆته‌ سه‌ر‌ به‌ڵگه‌کانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا که‌ دژی حکومه‌تی سوریان.

سه‌رۆک ئۆباما و هه‌ندێک له‌ ڕێبه‌رانی کۆنگرێسیش له‌گه‌ڵ هێرشی له‌شکریدان بۆسه‌ر سوریا به‌ڵام پێده‌چێت کاری زیاتریان له‌ پێش بێت بۆ قه‌ناعه‌ت پێکردنی ڕای گشتی ئه‌مریکاییه‌کان.

له‌ ڕاوه‌رگرتنێکی گشتی هاوبه‌شی ڕۆژنامه‌ی (واشنتۆن پۆست) و که‌ناڵی ( ئه‌ی بی سی) دا له‌ سه‌دا 59 ی به‌شداربووان دژی هێرشی له‌شکرین بۆسه‌ر سوریا و ته‌نها له‌ سه‌دا 36 پشتیوانی له‌و هێرشه‌ ده‌که‌ن.

له‌و ڕاوه‌رگرتنه‌دا هاتووه‌ ڕێژه‌ی پشتیوانان له‌ سه‌دا 36 ه‌وه‌ به‌رز بۆته‌وه‌ بۆ له‌ سه‌دا 46 ئه‌گه‌ر وڵاتانی تری وه‌ک به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا به‌شدار بن له‌و هێرشه‌دا.
XS
SM
MD
LG