Accessibility links

هه‌واڵگری فه‌ڕه‌نسا: ڕژێمی سوریا به‌ بڕێکی زۆر هێرشه‌ کیمیایـیه‌که‌ی ئه‌م دوایـیه‌ی ئه‌نجامداوه‌

  • VOA News

ده‌زگای هه‌واڵگری فه‌ڕه‌نسـا ده‌ڵێت هێزه‌کانی سه‌ر به‌ به‌شـار ئه‌سه‌د له‌وه‌تای مانگی چواره‌وه‌ سێ هێرشی کیمیایی‌یان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ 21 ی مانگی هه‌شـتدا کردوویانه‌ به‌ به‌رنامه‌ و‌ بڕێـکی زۆر بووه‌.
حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسـا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕاپـۆرتێـکی 9 لاپه‌ڕیی له‌ باره‌ی چه‌کی کیمیایی سوریا بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا ده‌ڵێت له‌و هێرشه‌ی 21 ی مانگی هه‌شـتدا، ئه‌وه‌ی کرایه‌ سه‌ر ناوچه‌کانی قه‌راغ شـاری دیمه‌شق به‌ لانی که‌م 281 که‌س کوژراون.
ڕاپـۆرته‌که‌ که‌ بڕیاره‌ له‌ په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسـا وتووێژی له‌سه‌ر بکرێت، تیایدا به‌ پـێـنج خاڵ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات ڕژێمی ئه‌سه‌د له‌ هێرشه‌کان به‌رپـرسیاره‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسـا به‌ ئاژانسی ده‌نگ‌وباسی ڕۆیته‌رزی گوت ئه‌م هێرشه‌ی حکومه‌تی سوریا هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نیشـتیمانی و جیهانی.
سه‌رچاوه‌که‌ ده‌ڵێت له‌ نێو زانیاریـیه‌کاندا وێنه‌ی سه‌ته‌لایت هه‌ن که‌ نیشـانی ده‌ده‌ن هێرشه‌کان له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ته‌وه‌ کراونه‌ته‌ سه‌ر شوێنه‌کانی ئۆپـۆزسیۆن. ده‌شڵێت پاشـان هێزه‌کانی حکومه‌ت به‌ چه‌کی ئاسایی که‌وتوونه‌ته‌ بۆردومانکردنی ناوچه‌که‌ تاوه‌کو ئاسه‌واره‌کانی چه‌که‌ کیمیایـیه‌که‌ بشـارنه‌وه‌.
گوتیشی له‌ هێرشه‌کانی پـێشـوو بڕێـکی که‌می چه‌کی کیمیایی به‌کارهاتبوو، ئه‌ویش تاوه‌کو خه‌ڵـکی پـێ بترسێنن، به‌ڵام له‌ هێرشه‌که‌ی ئه‌م دوایـیه‌ بڕه‌که‌ زۆر بووه‌‌ و به‌ مه‌به‌سـتی گرتنه‌وه‌ی ناوچه‌کان کراوه‌.
XS
SM
MD
LG