Accessibility links

تیمێـکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان سه‌ردانی که‌مپـی ئه‌شـره‌فی موجاهیدی خه‌لق ده‌کات

  • VOA News

کاربه‌ده‌سـتێـکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌ڵێت تیمێـکیان سه‌ردانی که‌مپـی ئه‌شره‌فی ڕێـکخراوی موجاهیدی خه‌لقی ئۆپـۆزسیۆنی ئێران له‌ عێراق ده‌کات که‌ له‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ که‌وته‌ به‌ر هێرشێـک و له‌ ئاکامدا ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی ڕێـکخراوه‌که‌ کوژران.
خانم ئیلیانا نه‌بعه‌ گوته‌بێژی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان گوتی تیمه‌که‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ گه‌یشته‌ که‌مپه‌که‌ و چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت هه‌ر ئه‌مڕۆش بگه‌ڕێته‌وه‌.
گوتیشی تیمه‌که‌ هه‌وڵ ده‌دات ڕاستیـیه‌کان بزانێت له‌ کاتێـکدا موجاهیدی خه‌لق هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراق به‌ هێرشه‌که‌ تاوانبارده‌که‌ن و ده‌ڵێن 52 که‌سیان لێ‌کوشتوون.
کاربه‌ده‌سـتانی عێراقیش نکوڵی ده‌که‌ن هێزه‌کانیان هێرشه‌که‌یان ئه‌نجام دابێت و ده‌ڵێن ژماره‌ی کوژراوانیش له‌وه‌ که‌متره‌ که‌ موجاهیدی خه‌لق ڕایگه‌یاندووه‌.
عه‌لی ئه‌لموسه‌ویی ڕاوێژکاری میدیای نوری مالیکی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق ڕایگه‌یاند که‌وا به‌ فه‌رمانی سه‌رۆک وه‌زیر لێژنه‌یه‌ک لێـکۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌که‌ ده‌کات.
ئه‌مه‌ریکا به‌ توندی هێرشه‌که‌ی سه‌رزه‌نشتکرد و سه‌ره‌خۆشی له‌ که‌سوکاری قوربانیـیه‌کان کرد.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هه‌ر دوێنی یه‌کشه‌ممه‌ له‌ به‌یانـنامه‌یه‌کدا ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند و داوای له‌ شـاندی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق کرد هه‌وڵ بۆ لێـکۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌که‌ بدات و حکومه‌تی عێراقیش به‌ ته‌واوی پشـتیوانی له‌و هه‌وڵه‌ بکات. پاشان داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق کرد چاره‌سه‌ری پـزیشکی پـێشـکه‌ش به‌ برینداره‌کان بکه‌ن و ڕێوشوێنی پـێویست بگرنه‌به‌ر بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ دانیشـتوانی که‌مپه‌که‌.
که‌مپـی ئه‌شره‌ف که‌ ده‌که‌وێته‌ پارێزگای دیاله‌، له‌ سه‌رده‌می سه‌دام حسێنه‌وه‌ له‌ کاتێ شه‌ڕی عێراق – ئێران دامه‌زرا‌ و له‌ ئێسـتادا نزیکه‌ی 100 ئه‌ندامی موجاهیدی خه‌لقی لێ‌ماوه‌.
XS
SM
MD
LG