Accessibility links

ڕووسیا مافی په‌نابه‌ری کاتی به‌ سـنۆدن ده‌دات


ئێدوارد سنۆدن کارمه‌ندی پـێشـووی ده‌زگای زانیاری ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ چاودێریـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکای ئاشکراکرد، مافی په‌نابه‌ری کاتی له‌ ڕووسیا وه‌رگرت و ئێسـتا ترانزێتی فڕۆکه‌خانه‌ی مۆسـکۆی جێهێشتووه‌ تاوه‌کو به‌ فه‌رمی بچێته‌ ناو وڵاته‌که‌وه‌.
پارێزه‌ری سنۆدن، ئاناتۆلی کوچێرێنا ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ گوتی ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕووسیا بۆ ماوه‌ی یه‌ک سـاڵ مافی په‌نابه‌ری کاتیـیان به‌ سنۆدنی ته‌مه‌ن 30 سـاڵ داوه‌ و له‌ پاش چه‌ند کاژمێرێـک له‌وه‌ی پـسوڵه‌ی په‌نابه‌ریـیه‌که‌ی وه‌رگرت، فڕۆکه‌خانه‌که‌ی جێهێشت. گوتیشی سنۆدن به‌ره‌و شوێنێـکی پارێزراوی نهێنی ڕۆیشتووه‌.
سنۆدن بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێـک بوو له‌ ترانزێتی فڕۆکه‌خانه‌ی شێرێمێتیه‌ڤۆ بوو و نه‌یده‌توانی مۆسـکۆ جێبهێڵێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا پاسپـۆرته‌که‌ی پـوچه‌ڵ کرده‌وه‌ و داوای ڕاده‌سـتکردنی کرد به‌ تاوانی سیخوڕی له‌ ئه‌مه‌ریکا.
دانی مافی په‌نابه‌ری به‌ سنۆدن له‌ لایه‌ن ڕووسیاوه‌، ڕه‌نگه‌ بـبێته‌ مایه‌ی زیاکردنی گرژیـیه‌کانی نێوان واشنتن و مۆسـکۆ. سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکا براک ئۆباما داوای له‌ سه‌رۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پـوتن کرد سنۆدن له‌ ڕووسیا ده‌ربکه‌ن، به‌ڵام سه‌رۆکی ڕووسیا داواکه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌. ئه‌مه‌ریکاش مه‌خابه‌نی خۆی ده‌ربڕی له‌ به‌رامبه‌ر ڕاده‌ست نه‌کردنی ئه‌م کارمه‌نده‌ی پـێشووی ده‌زگای زانیاری.
جێی ئاماژه‌یه‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر ئێدوارد سنۆدن زانیاری له‌ باره‌ی دوو به‌رنامه‌ی چاودێری ته‌له‌فون و ئنته‌رنێتی ئاشکراکرد که‌ له‌ لایه‌ن ئاژانسی ئاسایشی نیشـتیمانی ئه‌مه‌ریکاوه‌ به‌کارده‌هێنرێن به‌ مه‌به‌ستی ڕاگرتنی هێرشه‌ تێرۆرسـتیـیه‌کان، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی و مشـتومڕێـکی زۆری له‌سه‌ر که‌وتووه‌ته‌وه‌.
XS
SM
MD
LG