Accessibility links

17 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێـکی باشوری عێراق ده‌ته‌قنه‌وه‌

  • Goran Tawfeeq

زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ک له‌ دوای یه‌ک به‌غدای پایته‌ختی عێراقی هه‌ژاند و 8 ناوچه‌ی به‌ زۆرینه‌ شیعه‌نشینی کرده‌ ئامانج.
هێرش و په‌لاماره‌ تێرۆرسـتیـیه‌کان که‌ به‌ 14 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو ئه‌نجام دران، ناوچه‌کانی کازمیـیه‌ و حوڕیـیه‌ و شه‌عب و ڕساله‌ و شوڕته‌ی ڕابیعه‌ و ناوچه‌ی سه‌دری گرته‌وه‌.
به‌پـێی ڕاگه‌یه‌ندراوی ته‌ندروسـتی و پـۆلیسی به‌غدا، ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆ، زیاتر له‌ 150 کوژراو و برینداری لێـکه‌وتووه‌ته‌وه‌.
توندوتیژیـیه‌کانی دووشه‌ممه‌ به‌غداشی تێپه‌ڕاند و له‌ باشوری عێراقیش پارێزگاکانی به‌سره‌ و سه‌ماوه‌ و کوتی گرته‌وه‌. له‌و هێرش و په‌لامارانه‌شدا که‌ ناوه‌ڕاستی شـاره‌کانی کردووه‌ته‌ ئامانج، ته‌نها له‌ به‌سره‌دا 23 که‌س کوژران و برینداربوون.
له‌ پارێزگای واست و ناوه‌ڕاستی شـاره‌که‌ کوت، 42 کوژراو و بریندار هه‌یه‌، له‌ پارێزگای موسه‌نـنا و ناوه‌ڕاستی شـاره‌که‌ی سه‌ماوه‌دا 35 که‌س کوژران و برینداربوون.
شایه‌نی باسه‌ له‌ سه‌ره‌تای مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ توندوتیژیـیه‌کان له‌ عێراقدا له‌ په‌ره‌سه‌ندنێـکی مه‌ترسیداردایه‌ و ته‌نها له‌ مانگی ته‌موزی ئه‌مسـاڵدا 770 که‌س له‌ هێرش و په‌لاماره‌کاندا کوژراون.
له‌م هه‌فته‌یه‌شـدا په‌رله‌مانی عێراق بۆ جاری سێـیه‌م بانگهێشـتی به‌رپـرسـانی ئه‌منی کرد بۆ لێپـرسینه‌وه‌ له‌و بارودۆخه‌، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام ئاماده‌ نه‌بوونی به‌رپـرسـانی ئه‌منی و تێپه‌ڕبوونی نزیکه‌ی 3 سـاڵ به‌سه‌ر پـڕنه‌کردنه‌وه‌ی پـۆستی وه‌زیر بۆ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ دیوێـکی تری ئه‌و تۆمه‌تانه‌یه‌ که‌ لایه‌نه‌ سیاسیـیه‌کان ئاڕاسته‌ی مالیکی سه‌رۆک وه‌زیری ده‌که‌ن له‌ به‌رپـرسیارێتی ڕژانی خوێنی عێراقیـیه‌کان و شـکسـتهێنانی دۆسێی ئه‌منی وڵات.

XS
SM
MD
LG