Accessibility links

وه‌زیری ناوخۆی تونس ده‌ڵێت ئیبراهیمی به‌ هه‌مان ئه‌و چه‌که‌ کوژراوه‌ که‌ بلعیدی پێ‌کوژرا

  • VOA News

وه‌زیری ناوخۆی تونس ڕۆژی هه‌ینی گوتی سیاسه‌تکاری چه‌پڕه‌و محه‌مه‌د ئه‌لئیبراهیمی که‌ دوێنێ پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ به‌رده‌م ماڵه‌که‌ی خۆی له‌ تونسی پایته‌خت تیرۆرکرا، به‌هه‌مان ئه‌و چه‌که‌ کوژراوه‌ که‌ له‌ مانگی دوودا شوکری بلعیدی که‌سی ناوداری ئۆپـۆزسیۆنی پێ‌کوژرا.
لوتفی بن جه‌دۆ له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند و گوتی دوو که‌س که‌ جلوبه‌رگی ڕه‌شیان له‌ به‌ردابووبوو و یه‌کێـکیان کڵاوێـکی سووری له‌سه‌ردابووه‌، به‌سه‌ر ماتۆرێکه‌وه‌‌ له‌ ئیبراهیمی نزیک‌که‌وتوونه‌ته‌وه‌ و به‌ هه‌مان ئه‌و ده‌مانچه‌ 9 میلیمیـیه‌ ته‌قه‌یان لێـکردووه‌ که‌ بلعیدی پێ تیرۆرکرا.
گوتیشی که‌سێـکی سه‌له‌فی به‌ ناوی ئه‌بو به‌کر ئه‌لحه‌کیم له‌ پشـت تیرۆرکردنه‌‌که‌یه‌.
کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن هه‌ردوو هێرشبه‌ره‌که‌ 14 گولـله‌یان به‌ ئیبراهیمیـیه‌وه‌ ‌ناوه‌، 6 گولـله‌ به‌ر به‌شی سه‌ره‌وه‌ی جه‌سته‌ی نراوه‌‌ و 8 گولـله‌ش به‌ر هه‌ردوو قاچی که‌وتوون.
کوشتنی ئه‌م سیاسه‌تمه‌داره‌ ناڕه‌زایـیه‌کی زۆری له‌ ناو تونسدا لێـکه‌وتووه‌ته‌وه‌ و خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی و مانگرتن چه‌ند ناوچه‌یه‌کی وڵاته‌که‌ی گرتووه‌ته‌وه‌.
به‌ره‌ی میلـلی که‌ 11 پارتی سیاسی تونس له‌خۆده‌گرێت‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک ڕۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ، پارتی نه‌هزه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ کوشتنه‌که‌ تاوانبارده‌کات و داوا له‌ خه‌ڵـکی ده‌کات له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که‌ ده‌سـتبکه‌ن به‌ مانگرتن تاوه‌کو حکومه‌تی به‌ ڕابه‌رایه‌تی نه‌هزه‌ ده‌ڕوخێت.
چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ ڕێوڕه‌سمێـکدا ته‌رمه‌که‌ی به‌ره‌و گوڕسـتانی ئه‌لجه‌لاز له‌ پایته‌خت بـبرێت.
XS
SM
MD
LG