Accessibility links

هێڵن تامس ڕۆژنامه‌وانی به‌ناوبانگی ئه‌مه‌ریکایی کۆچی دوایی ده‌کات


ڕؤژنامه‌وانی پێشووی کۆشکی سپی هێڵن تامس که‌ بۆ ماوه‌ی نزیکه‌ی 50 ساڵ ڕووماڵی ده‌نگوباسه‌کانی سه‌رۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکای ده‌کرد له‌ ته‌مه‌نی 92 ساڵی دا کۆچیی دوایی کرد.
دۆست و هه‌ڤاله‌کانی ده‌ڵێن ئه‌و سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ ماڵه‌که‌ی خۆی له‌ واشنتۆن ماڵئاوایی له‌م جیهانه‌ کرد.
هێڵن تامس ڕێگه‌خۆشکه‌ر بوو بۆ ژنان له‌ بواری ڕۆژنامه‌گه‌ریدا ئه‌ویش له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌م پیشه‌یه‌ زۆری له‌ ده‌ستی پیاواندا بوو.
له‌وه‌تای سه‌رده‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جان ئێف که‌نه‌دییه‌وه‌ تامس ڕووماڵی ده‌نگوباسه‌کانی ته‌واوی سه‌رۆکه‌کانی ئه‌مه‌ریکای کردووه‌.
ناوبراو به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ زۆر جار له‌ کاتی پرسیارکردنی له‌ سه‌رۆکاکه‌نی ئه‌مه‌ریکا له‌ کاتی کۆنفرانسه‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌کاندا ڕای خۆی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ هه‌ستیاره‌کان ده‌رده‌بڕی.

له‌ ساڵی 2010 گرته‌یه‌کی ڤیدیۆییی هێڵن بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ تیایدا ده‌ڵیت ئیسرائیل ده‌بێت له‌ فه‌له‌ستین ده‌ربچێت ئه‌و دواتر داوای لێبوردنی کرد به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌و ڤیدیۆییه‌ که‌وته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی زۆر ئه‌و کۆتایی به‌ پیشه‌ی خۆی له‌ کۆشکی سپی هێنا.
هێڵن تامس بۆ ئاژانسی ده‌نگو باسی UPI و ڕۆژنامه‌کانی Hearst کاری ده‌کرد.
ناوبراو له‌ ده‌یان کۆنفرانسی ڕۆژنامه‌وانی سه‌رۆکه‌کاندا به‌م وشانه‌ کۆتایی به‌ قسه‌کانی ده‌هێنا " سوپاست ده‌که‌م به‌ڕێز سه‌رۆک" .
XS
SM
MD
LG