Accessibility links

له‌ تورکیا 13 خۆپیشانده‌ری تر ده‌ستگیر ده‌کرێن


ئاژانسی فه‌رمی ده‌نگ و باسی تورکیا ده‌ڵێت هێزه‌کانی پۆلیس 13 خۆپیشانده‌ری تریان ده‌ستگیر کردووه‌ به‌ گومانی ده‌ست هه‌بوون له‌ کاری توندوتیژ ئامێزدا هاوکاتی ئه‌و شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌ی سه‌رانسه‌ری وڵاته‌که‌ی گرتبووه‌وه‌.

ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌نادۆڵیا ده‌ڵێت ته‌واوی ده‌ستگیر کردنه‌کان په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به وه‌ک ده‌گوترێت‌ کاری ئاژاوه‌گێڕی و به‌کارهێنانی بۆمبی سوتاندن و هاندان بۆ ئاژاوه‌.

سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ له‌ تورکیاوه‌ ده‌ڵێن گیراوه‌ گومانباره‌کان ئه‌ندامانی ڕێکخراوه‌ چه‌په‌کانن و له‌ ڕێی دیمه‌نه‌ ڤیدیۆییه‌کانی خۆپیشاندانه‌کانه‌وه‌ ناسراونه‌ته‌وه‌ و دیاریکراون.

ڕێکخراوه‌کانی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن ده‌ڵێن له‌وه‌تای ئه‌و شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌ له‌ تورکیا ده‌ستیپێکردووه زیاتر له‌ 3 هه‌زار که‌س ده‌ستگیرکراون و ئه‌وجا ئازاد کراون.

ئاژانسی ده‌نگ و باسی ئه‌سیۆشێتد پرێس ده‌ڵێت شه‌وی ڕابردووش پۆلیس له‌ ئانکه‌ره‌ بڵاوه‌یان به‌ سه‌دان خۆپیشانده‌ر کردووه‌.

هاوکات بوڵنت ئارنیچ ، جێگری سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا ده‌ڵێت دژی ئه‌و شێوازی نوێی ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه‌ نییه‌ له‌ تورکیادا.

خۆپـیشـانده‌ران له مه‌یدانه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی شار و شارۆچکه‌کانی تورکیادا ‌ به‌ بێ ده‌نگی ده‌وه‌ستن بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی خۆیان و هێزه‌کانی پـۆلیسیش له‌ به‌رامبه‌ردا هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کیان نه‌بوو.

ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی 3 هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستیان پێکرد له‌سه‌ر گۆڕینی پارکێک له‌ مه‌یدانی ته‌قسیم ی شاری ئه‌ستانبوڵ وه‌رچه‌رخان بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین دژی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ره‌ک وه‌زیری تورکیا.

ئۆپزسیۆنه‌کانی تورکیا سه‌ره‌ک وه‌زیری وڵاته‌که‌ به‌ هه‌وڵدان بۆ سه‌پاندنی ڕوانینه‌ کۆنه‌ پارێزیه‌ ئیسلامیه‌که‌ی خۆی گوناهبار ده‌که‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان نکوڵی له‌و گوناهبار کردنه‌ ده‌کات و ده‌ڵێت تێرۆریستان خۆپیشانده‌ران به‌کارده‌هێنن.
XS
SM
MD
LG