Accessibility links

تێڕوانینی ئه‌حوازیـیه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردنی حه‌سه‌ن ڕوحانی

  • Shwan Rashid

حه‌سه‌ن ڕازی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئه‌حواز بۆ ڕاگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌ سـتراتیژیـیه‌کان

حه‌سه‌ن ڕازی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئه‌حواز بۆ ڕاگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌ سـتراتیژیـیه‌کان

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2013 ی سه‌رۆکایه‌تی ئێران به‌ پـێچه‌وانه‌ی ئه‌نجامه‌کانی سـاڵی 2009 بوو، وه‌ ئه‌م جاره‌یان سه‌رکه‌وتنی کاندیدێـک ڕاگه‌یه‌ندرا که‌ له‌ لایه‌ن ڕیفۆرمخوازه‌کانه‌وه‌ پـشـتیوانی لێده‌کرێت.
هه‌روه‌ها کاردانه‌وه‌ی شه‌قامی ئێرانیش ته‌واو پـێچه‌وانه‌ بوو و ئه‌م جاره‌ له‌ بری خوپـیشـاندانی ناڕه‌زایی و سه‌رکوتکردنی خوێناویانه‌، خه‌ڵـکی به‌ ئاهه‌نگێڕانه‌وه‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و به‌ دروشمی " ئه‌حمه‌دی بای بای" ماڵئاوایـیان له‌ سه‌رۆک مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژادی کۆنه‌پارێز کرد، به‌و هیوایه‌ی به‌ره‌و داهاتوویه‌کی گه‌ش بڕۆن.
به‌ڵام حه‌سه‌ن ڕازی به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئه‌حواز بۆ ڕاگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌ سـتراتیژیـیه‌کان تێڕوانینێـکی جیاوازی هه‌یه‌ و پـێـیوایه‌ هیچ گۆڕانێـکی بنه‌ڕه‌تی نه‌ له‌ سیاسیه‌تی ناوخۆ و نه‌ له‌ سـیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی ڕوو نادات. ده‌ڵێت ئه‌و ڕژێمه‌ به‌و سیاسه‌تانه‌‌ ماوه‌ته‌وه‌.
حه‌سه‌ن ڕازی ده‌ڵێت " ناکرێت ئێران له‌ سیاسه‌ته‌کانی پاشگه‌ز بـبێته‌وه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ سیاسه‌تی ناوخۆدا، به‌ڵـکۆ به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ته‌نها گۆڕینی ده‌موچاوه‌کانه‌ تاوه‌کو ڕژێمه‌که‌ بـمێنێته‌وه‌. حه‌سه‌ن ڕوحانیش که‌سێـکی سه‌ره‌کی ناو ڕژێمه‌که‌یه‌ و باوه‌ڕی به‌ ویلایه‌تی فه‌قیهی هه‌یه‌، وه‌ به‌ر له‌وه‌ی له‌ لایه‌ن خه‌ڵـکه‌وه‌ په‌سه‌ندبکرێت، ئه‌و له‌ لایه‌ن ویلایه‌تی فه‌قیهی خامه‌نه‌یی و شواری نیگه‌هبانه‌وه‌ په‌سه‌ندکراوه‌."
هه‌رچه‌نده‌ گرنگیـیه‌کی زۆر به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئێران ده‌درێت، به‌ڵام چاودێران ده‌ڵێن سه‌رۆکی ئێران زیاتر وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رێـکی جێبه‌جێـکار وایه‌‌.
حه‌سه‌ن ڕازی ده‌ڵێت بێ گومان ڕاسته‌ و به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه‌، ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد نه‌یتوانی وه‌ها له‌ شورای نیگه‌هبان بکات ئه‌سفه‌ندیار مه‌شـایی کاندیدی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان په‌سه‌ند بکات. بۆیه‌ سه‌رۆک ناتوانێت کارنامه‌ و سیاسه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، چونکه‌ بڕیاری کۆتایی له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ له‌ ده‌سـتی ڕابه‌ری باڵای ئێراندایه‌‌."
سه‌باره‌ت به‌ کاردانه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئێرانیش، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئه‌حواز ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باس له‌ خه‌ڵـکی ئێران بکه‌ین ده‌بێت بۆ دوو به‌ش جودایان بکه‌ینه‌وه‌، به‌شـێـک فارس و به‌شه‌که‌ی تر نافارس وه‌کو تورک و کورد و عه‌ره‌ب و بلوش که‌‌ 72% وڵاته‌که‌ پـێـکده‌هێنن. ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ مافه‌کانیان خوراوه‌ و سه‌رکوت ده‌کرێن چ له‌ لایه‌ن کۆنه‌پارێزانه‌وه‌ بێت یان له‌ لایه‌ن ڕیفۆرمخوازانه‌وه،‌ وه‌ ته‌نانه‌ت ئۆپـۆزسیۆنی فارسیش وه‌کو نه‌ته‌وه‌ دانیان پـیادانانێت، بۆیه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ش هیچ بڕوایه‌کیان به‌ ڕوحانی نیـیه‌ و ئه‌ویش له‌ لایه‌ن وه‌کو محه‌مه‌د خاته‌می سه‌رۆکی پـێشـووی ڕیفۆرمخواز وایه‌ که‌ په‌یمانیان پـێده‌دات و پاشـان لێی پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها سه‌رکوتیان ده‌که‌ن هه‌ر وه‌ک چۆن له‌ سه‌رده‌می خاته‌میدا له‌ به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئه‌حواز و کوردسـتان و بلوشـستان کرا.
به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی حه‌سه‌ن ڕوحانی هه‌ر هیچ نه‌بێت جێی خۆشـحاڵی ژماره‌یه‌ک له‌ وڵاتانی نه‌یاری کۆماری ئیسلامی بوو، به‌و هیوایه‌ی بتوانن له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی نوێی ئێراندا گرژی و نیگه‌رانیـیه‌کان که‌م بکه‌نه‌وه‌.
حه‌سه‌ن ڕازی ده‌ڵێت "وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌میشه‌ داوایان له‌ ئێران کردووه‌ په‌ڕه‌یه‌کی نوێ هه‌ڵبداته‌وه‌، وتووێژی ڕاشکاو و ڕاسته‌قینه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدات تاوه‌کو به‌ چاره‌سه‌ری ئاشـتیانه‌ بگه‌ن بۆ کێشه‌ی به‌رنامه‌ ناوکیـیه‌که‌ و کێشه‌کانی دیکه‌ ناوچه‌که‌. به‌ڵام پـرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ڕوحانی ده‌توانێت به‌ ده‌نگ ئه‌و داخوازیانه‌وه‌ بچێت؟. من به‌ دوری ده‌زانم، چونکه‌ ئێران به‌رژوه‌ندی خۆی لا مه‌به‌سته‌ و هیچ باکی به‌ په‌یوه‌ندیـیه‌کانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیـیه‌وه‌ نیـیه‌."
به‌ڵام به‌ دوریشی نازانێت گۆڕان به‌سه‌ر هه‌ڵوێستی ئێراندا بێت له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانی سوریا ، ئه‌مه‌ش نه‌ک به‌هۆی سیاسه‌تی ڕوحانی، به‌ڵـکو له‌ ئاکامی گوشـاری نێوده‌وڵه‌تیـیه‌وه‌، ده‌ڵێت‌ ڕژێمی ئێران ئاماده‌ نیـیه‌ ئاسایشی نیشـتیمانی خۆی چ بۆ ڕژێمی سوریا یان بۆ هه‌ر ڕژێمێـکی دیکه‌ بخاته‌ به‌ر مه‌ترسیـیه‌وه‌.
ئه‌ی په‌یوه‌ندیـیه‌کانی نێوان ئێران و عێراق به‌ کوێ ده‌گاته‌وه‌؟
به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی ئه‌حواز بۆ ڕاگه‌یاندن و توێژینه‌وه‌ سـتراتیژیـیه‌کان ده‌ڵێت"ڕۆڵی ئێران له‌ عێراق، هیچ سه‌رۆکێـک ناتوانێت لێی پاشگه‌ز بـبێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی ئێران ده‌سـتکه‌وتی گه‌وره‌ی له‌و وڵاته‌دا به‌ده‌سـتهێناوه‌ و به‌ ئاره‌زووی خۆی کۆنتڕۆڵی ده‌کات."
XS
SM
MD
LG