Accessibility links

قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له‌ موسڵ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت له‌ پاش ته‌قینه‌وه‌ی 6 ئۆتۆمبیل

  • Amir Goran

له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ یه‌ک کاژمێر 6 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ شـاری موسڵ ته‌قیونه‌ته‌وه‌ و زۆربه‌یان هێزه‌کانی پـۆلیسی فیدراڵی و له‌شکری عێراقیـیان کردووه‌ته‌ ئامانج.
ئه‌میر گۆران په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌ موسڵ ڕاسته‌وخۆ له‌ میانه‌ی به‌رنامه‌کانی ڕادیۆ ڕاپـۆرتی له‌م باره‌یه‌وه‌ پـێشـکه‌ش کرد، ده‌ڵێت دوو له‌ ته‌قینه‌وه‌کان خۆکوژی بوون و 4 ئۆتۆمبیله‌که‌ی دیکه‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان ڕاگیرابوون و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی هێزه‌ گه‌ڕۆکه‌کانی پـۆلیسی فیدراڵی و له‌شـکر به‌ لایاندا ته‌قیونه‌ته‌وه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ پـۆلیسی موسڵ گوتی ئاماره‌ سه‌ره‌تایـیه‌کان باس له‌ کوژرانی 17 که‌س و برینداربوونی 40 که‌س ده‌که‌ن.
دوابه‌دوای ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیله‌کان، چه‌ند گولـله‌ خومپاره‌یه‌ک گیراونه‌ته‌ هه‌ردوو بنکه‌ی پـۆلیس له‌ گه‌ڕه‌کی یه‌رموک و 17 ی ته‌موز له‌ ڕۆژئاوای شـاره‌که‌.
جگه‌ له‌ مانه‌ش شه‌ڕ و پـێـکدادان له‌ نێوان هێزه‌کانی پـۆلیس و چه‌کدارانی یاخیبوو له‌ هه‌ردوو گه‌ڕه‌کی 17 ی ته‌موز و ئیسڵاح زیراعی ڕوویانداوه‌.
دوابه‌دوای ئه‌م ڕووداوانه‌، سه‌رکردایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی نه‌ینه‌وا له‌ ڕێگه‌ی که‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی ئه‌لموسڵیـیه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی له‌ شـاره‌که‌ ڕاگه‌یاند.
XS
SM
MD
LG