Accessibility links

گوته‌بێژی عێراقیـیه‌: هیچ ڕێـکه‌وتنێـک له‌ کۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رکرده‌کاندا نه‌بووه‌

  • Goran Tawfeeq

پاش ئه‌وه‌ی عه‌ممار حه‌کیمی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی ده‌سـتپـێشـخه‌ریـیه‌کی بۆ ژماره‌یه‌ک له‌ سه‌رانی وڵاته‌که‌ی پـێشـکه‌شکرد و له‌ باره‌گای تایبه‌تی حزبه‌که‌ی له‌ به‌غدا ده‌رفه‌تێـکی یه‌کتربینینی بۆ ڕه‌خسـاندن، 70 که‌سایه‌تی که‌ له‌ نێوانیاندا مالیکی و نوجێفی و چه‌ند سه‌رکرده‌یه‌کی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق ئاماده‌ی ئه‌و دانیشـتنه‌ بوون به‌ ڕاوبۆچوونی به‌شێـکی زۆری ئه‌ندامانی لیستی عێراقیـیه‌ دیداری سه‌رکرده‌ سیاسـیه‌کان ڕاستیـیه‌کی لای هه‌مووان دروسـتکردووه‌ که‌ ناکۆکی و کێشمه‌کێشی سیاسی شه‌خسین و په‌یوه‌ست نین به‌ دۆسیـیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی.
په‌رله‌مانتارێـکی کوردیش پـێی وایه‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی ماڵی حه‌کیم ته‌نها کات به‌ فیڕۆدان بووه‌ و هیچ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێسـتا دروست نه‌کردووه‌. ته‌نها ده‌ستکه‌وت و ئامانجێـکیش به‌رکه‌وتنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌رده‌م کامێرا بووه‌ بۆ ئاشته‌وایی نێوان مالیکی و نوجێفی پاش ئه‌وه‌ی له‌ نێوان ئاماده‌بوواندا ئه‌م باوه‌شکردن به‌ یه‌که‌ی نێوان مالیکی و نوجێفی به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان پـێشـوازی لێـکراوه‌، به‌ڵام ده‌ستبه‌جێ و پاش ئه‌م دیداره‌ سیاسیـیه‌، گوته‌بێژی لیستی عێراقیـیه‌ حه‌یده‌ر مولـلا ڕایگه‌یاند کۆبوونه‌وه‌که‌ی نێوان سه‌رکرده‌کان و به‌ تایبه‌ت سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سه‌رۆک وه‌زیران ته‌نها ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و چا خواردنه‌وه‌یه‌ بووه‌ که‌ له‌و دانیشتنه‌دا به‌یه‌که‌وه‌ خواردویانه‌ته‌وه‌.
دکتۆر سامان فه‌وزی په‌رله‌مانتاری کوردیش پـێی وایه‌ له‌مڕۆدا شته‌کان پـێچه‌وانه‌ دێنه‌ به‌رچاو و ئه‌وه‌ی که‌ هه‌موو لایه‌ک بێ هیوا ده‌کات، لاوازبوونی په‌رله‌مانه‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی جێگای دیالۆگ و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌ی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان بێت که‌چی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیفلیج ده‌کرێت و له‌ لایه‌ن‌ سیاسیـیه‌کانیشه‌وه‌ ئه‌م ڕۆڵه‌ ده‌گێڕدرێت.
XS
SM
MD
LG