Accessibility links

به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د: یه‌که‌م باری موشه‌کی دژه‌ ئاسمانی گه‌یشته‌ سوریا

  • VOA News

میدیای حزبوڵای لوبنان له‌ زاری به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریاوه‌ ده‌ڵێت یه‌که‌م باری موشه‌کی پێشکه‌وتووی دژه‌ ئاسمانی گه‌یشتۆته‌ وڵاته‌که‌ی.

که‌ناڵی ئه‌لمه‌نار که‌ ڕێکخراوی میلیشیایی حزبوڵا خاوه‌نیه‌تی و لایه‌نگری ڕژێمی سوریایه‌ ئه‌مڕۆ 5شه‌ممه‌ ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی سه‌رۆکی سوریای بڵاوکردۆته‌وه‌.

تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ هیچ لایه‌نێکی سه‌ربه‌خۆ ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی سه‌رۆکی سوریای پشتڕاست نه‌کردۆته‌وه‌ و هه‌روه‌ها ڕوسیاش هیچ تێبینیه‌کی له‌سه‌ر نه‌داوه‌.

ئه‌گه‌ر گه‌یشتنی ئه‌م موشه‌کانه‌ که‌ له‌ جۆری ئێس 300ن پشتڕاست کرایه‌وه‌ ئه‌وه‌ یانی نۆژه‌نکردنه‌وه‌یه‌کی به‌رچاوی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانیی حکومه‌تی سوریا.

مۆسکۆ هاوپه‌یمانی دیمه‌شق په‌یمانی جێبه‌جێکردنی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ چه‌کیه‌ی له‌گه‌ڵ سوریادا داوه‌ که‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ ڕاگیرابو وه‌ ده‌شڵێت یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ ده‌ستێوه‌ردانی هێزی ده‌ره‌کی له‌ کاروباری سوریادا.

هێشتاش ئیسرائیل هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کی نه‌نواندووه‌ به‌رامبه‌ر به‌م سه‌ودا موشه‌کیه‌ ، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا موشێ یه‌عالۆن وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل ئاماژه‌ی به‌وه‌کردبوو ده‌شێت ته‌لئه‌ڤیڤ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئه‌و موشه‌کانه‌دا لێیان بدات.

شیکه‌ره‌وه‌ له‌وبڕوایه‌دان ناردنی چه‌ک بۆ سوریا له‌لایه‌ن ڕوسیاوه‌ ده‌شێت ببێته‌ مایه‌ی ئاڵۆزی بۆ ئه‌و کۆبوونه‌وه ئاشتیانه‌یه‌ی واشنتۆن و ڕوسیا‌ پێشنیازیان کردووه‌ بۆ کۆتاییهێنان به‌ 26 مانگه‌ی قه‌یرانی خوێناوی سوریا.
XS
SM
MD
LG