Accessibility links

عێراقیـیه‌کان له‌ پاش ڕووداوه‌ خوێناویـیه‌کانی حویجه‌

  • Shwan Rashid

پـێـکدادانه‌کانی دوێنێ سێشه‌ممه‌ی نێوان خۆپـیشـانده‌رانی دژی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالیکی و هێزه‌کانی حکومه‌تی عێراق له‌ شـارۆچکه‌ی حه‌ویجه‌ی زۆرینه‌ سووننه‌، هێنده‌ی دیکه‌ نائارامیـیه‌کانی نێو ئه‌و وڵاته‌ی پـترکرد.
وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌ڵێت هێرشه‌که‌ به‌ مه‌به‌سـتی سه‌رکوتکردنی خۆپـیشـانده‌ران نه‌کراوه‌‌، به‌ڵـکو بۆ ده‌سـتگیرکردنی کۆمه‌ڵێـک چه‌کدار بووه‌ که‌ له‌ ڕۆژی هه‌ینیدا هێرشیان کردبووه‌ سه‌ر هێزێـکی حکومه‌ت و لێـیان کوشتوون و چه‌که‌کانیان بردوون و پاشـان چوونه‌ته‌ نێو مانگرتووه‌کانه‌وه‌.
مانگرتووانیش لای خۆیانه‌وه‌ ئه‌م لێدوانه‌ی له‌شـکر ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌، ده‌ڵێن ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشـتیخوازانه‌ ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕیوه‌، به‌ڵام حکومه‌ت به‌ دوای به‌هانه‌یه‌کدا ده‌گه‌ڕێت بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ریان.
که‌ریم ئه‌لدلێمی، که‌ هاوڵاتیـیه‌کی سووننه‌ی ئه‌نباره‌، ده‌ڵێت " ئه‌مه‌ یه‌که‌م جار نیـیه‌ حکومه‌تی سه‌رۆک وه‌زیر نوری ئه‌لمالیکی چیرۆکی له‌و شێوه‌یه‌ بۆ سه‌رکوتکردنی سووننه‌کان هه‌ڵده‌به‌سـتێت، ته‌نانه‌ت‌ زۆر جاریش به‌ لایه‌نگری ئه‌لقاعیده‌ و تێرۆرست و خوازیاری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی توندڕه‌و ناودێریکردوون."
ئه‌لدلێمی ده‌ڵێت "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی لای ئه‌وانه‌وه‌ به‌ ته‌واوی ڕه‌تده‌کرێته‌وه‌، وه‌ ئه‌مه‌ شتێـکی نوێ نیـیه‌ و پـێشـتریش ڕابه‌رانی مانگرتووان گوتوویانه‌ ئه‌وان خوازیاری ده‌وڵه‌تێـکی مه‌ده‌نین، خوازیاری عێراقێکن که‌ تیایدا عێراقیـیه‌کان به‌ هه‌موو پـێـکهاته‌کانیه‌وه‌ پـێـکه‌وه‌ بژین."
فوئاد ڕه‌شید له‌ شـاری سلێمانی ده‌ڵێت ئه‌م ناکۆکیـیانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای تایفه‌گه‌رێتی سووننه‌ و شیعه‌یه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 1400 سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر، بۆیه‌ به‌ ئاسانی چاره‌سه‌ر ناکرێت.
" به ‌تایبه‌تی شیعه‌کان تازه‌ن له‌سه‌ر حوکم، ناتوانن هاوسه‌نگیـیه‌کی ته‌واو ڕابگرن له‌ نێوان سووننه‌‌ و شیعه‌‌دا."
هه‌روه‌ها ئه‌ویش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌ی دلێمیدایه‌ که‌ ده‌ڵێت مالیکی به‌ دوای به‌هانه‌یه‌کدا ده‌گه‌ڕێت بۆ لێـدانی سووننه‌کان.
" مالیکیش پاڵیان پـێوه‌ ده‌نێت به‌ره‌و تێرۆرسـتیان به‌رێت، یان به‌ره‌و ئه‌وه‌یان به‌رێت که‌ چه‌ک هه‌ڵبگرن له‌ دژی حکومه‌تی ناوه‌ندی بۆ ئه‌وه‌ی به‌هانه‌یه‌کی یاسایی هه‌بێت بتوانێت به‌ له‌شکر لێـیان بدات."
به‌ڵام عه‌لوان کازم که‌ شیعه‌یه‌کی دانیشتووی به‌غدایه‌ ده‌ڵێت
"ئه‌وه‌ی له‌ حویجه‌ ڕوویدا، ده‌بوایه‌ له‌ مێژه‌وه‌ بکرایه‌. پـێویست بوو مالیکی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لێی بدانایه‌ و ئیدی چی ده‌بوو با بـبوایه‌."
ده‌ڵێت ئێمه‌ چیـن هه‌موو ڕۆژێـک زرمه‌مان لێ هه‌ڵده‌سێنن و به‌ شه‌و و ڕۆژ له‌ چێشـتخانه‌ و قاوه‌خانه‌ لێمان ده‌کوژن.
موشرق ئه‌لڕاشد که‌ سیکیولارێـکی‌ شـاری به‌سره‌ پـێیوایه‌ ئه‌م جاره‌ ڕه‌وشه‌که‌ له‌ ده‌سـتی نوری ئه‌لمالیکی ده‌رچوو و ناتوانێت کۆنترۆڵی دۆخه‌که‌ بکات، وه‌ پـێشـبینی ده‌کات ئاکامی خراپی لێـبکه‌وێته‌وه‌.
ده‌ڵێت" ئاگری شه‌ڕه‌که‌ نه‌ک ته‌نها حه‌ویجه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵـکو بۆ تکریت و ڕه‌مادیش ته‌شه‌نه‌ی کردووه‌ و شێخ عبدول مه‌لیک ئه‌لسه‌عدی که‌ یه‌کێـکه‌ له‌ مه‌لا ناوداره‌ سووننه‌کانی عێراق‌، داوای له‌ مانگرتووان کردووه‌ چه‌ک هه‌ڵبگرن بۆ به‌رگریکردن له‌ خۆیان."
دواتر ئه‌لموشرق مه‌خابنی خۆی ده‌رده‌بڕێت و پـرسیار ده‌کات و ده‌ڵێت" له‌ پاش ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه‌ی دووچاری بووین له‌ دوای کۆتایی‌هێنان به‌ حوکمی دیکتاتۆری سه‌دام حسێن، عێراق به‌م ئاکامه‌ خراپه‌ بگات و بڵێن به‌هاری سووننه‌ له‌ عێراقدا ده‌سـتیپـێـکردووه‌‌؟ به‌ ڕاستی ئه‌مه‌ وڵاته‌که‌ بونیاد نانێت، وه‌ سووننه‌ش له‌مه‌ بێ گوناح نیـیه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت مالیکی له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات لابده‌ن با له‌ ڕێگه‌ی سندوقه‌کانی ده‌نگدانه‌وه‌ لایبده‌ن."
فوئاد ڕه‌شیدیش ده‌ڵێت:
"نوری ئه‌لمالیکی هیچ په‌یوه‌ندیـیه‌کی به‌ ده‌سـتوری عێراقه‌وه‌ نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌که‌ی خۆی و مه‌زهه‌بی شیعه‌کان بێت، ئه‌وه‌ به‌کارده‌هێنێت."
ئه‌گه‌ر لێـکدانه‌وه‌ی عێراقیـیه‌کان وه‌هابێت، سووننه‌کان بڕوایان به‌ سندوقه‌کانی ده‌نگدان نه‌مابێت‌ و سه‌رۆکی حکومه‌تیش پابه‌ندی ده‌سـتوری وڵاته‌که‌ نه‌بێت، ئیدی ئاینده‌ی دیموکراسیـیه‌ت له‌ عێراقدا به‌ کوێ ده‌گات‌؟

XS
SM
MD
LG