Accessibility links

ڕای جیاوازی عێراقیـیه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا

  • Shwan Rashid

له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی عێراق، پـه‌تای سیاسی دووچاری لایه‌نه‌ ڕکابه‌ره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بووه‌ و ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر عێراقیـیه‌کاندا.
سابیر عه‌لی دانیشـتوویه‌کی شـاری ناسریـیه‌ی باشوری عێراقه‌ ده‌ڵێت:
"خه‌ڵکی عێراق به‌ ده‌ست مه‌ینه‌تی و زوڵم و دکتاتۆریه‌ته‌وه‌‌ ناڵاندویه‌تی، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی بکات خۆشی ده‌وێت، وه‌ له‌ ئێسـتادا ساده‌ترین شت که‌ هاوڵاتی عێراقی ده‌یه‌وێت کاره‌بایه‌، ئینجا ئاوی خاوێن و شه‌قامی قیرتاو و خزمه‌تگوزاری دیکه‌یه‌.
پاشـان عه‌لی ڕه‌خنه‌ له‌ پارێزگاری شـاره‌که‌یان ده‌گرێت،
"پارێزگار که‌ له‌ لیستی ده‌وڵه‌تی قانونی سه‌ر به‌ نوری ئه‌لمالیکی سه‌رۆک وه‌زیره‌، خه‌ڵـکی هیچ خزمه‌تگوزاریـیه‌کیان لێ نه‌دیوه‌، به‌ پـێچه‌وانه‌وه‌ خه‌ڵـکی هه‌ژار که‌ پـێویسـتیان به‌ خزمه‌تگوزاریـیه‌ پـشـتگوێی خستوون.
به‌ڵام سافی ئه‌لبه‌غدادی که‌ دانیشـتوویه‌کی پایته‌خته،‌ تێڕوانینێـکی جیاوازی هه‌یه‌.
"به‌غایـیه‌کان مالیکیان ده‌وێت، چونکه‌ ئه‌و ته‌نها که‌سه‌ ئارامی له‌ به‌غدا هێناوه‌ته‌ دی و کۆتایی به‌ کێشه‌کانی لایه‌نی ڕه‌وتی سه‌در هێناوه‌ و هه‌تا ڕاده‌یه‌کیش به‌رتیل خواردنی که‌م کردووه‌ته‌وه‌."
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا ئه‌لبه‌غدادی مه‌ترسی هه‌یه،‌ لایه‌نگرانی مالیکی له‌ به‌غدا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌سـت نه‌هێنن.
" له‌ ساتێـکه‌وه‌ بۆ ساتێـکی تر شیانی هه‌یه‌ هه‌موو به‌غدا له‌ مالیکی هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه‌، چونکه‌ ڕاگه‌یاند ڕۆڵی گه‌وره‌ ده‌بینێت و ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنی به‌هێزبێت کۆنترۆڵی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات."
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی شیعه‌ و سووننه‌، ئه‌لبه‌غدادی نکوڵی ده‌کات کێشه‌ له‌ نێوانیاندا هه‌بێت و ده‌ڵێت:
" هه‌موو پـێـکه‌وه‌ ده‌ژین و ئه‌و ناکۆکیـیانه‌ی باس‌ده‌کرێن ته‌نها له‌ ڕاگه‌یاندن هه‌یه‌. من بۆخۆم پـێش تۆزێـک له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌عزمیـیه‌ی سوونه‌کان بووم له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێـیه‌کمدا، هیچ شتـێـک نه‌بوو، که‌چی له‌م لاوه‌ که‌ناڵێـکی ته‌له‌فیزیۆنی ده‌یگوت له‌ ئه‌عزه‌میـیه‌ خۆپـیشـاندانی ناڕه‌زایی سووننه‌کانه‌، ئیدی نازانم باوه‌ڕ به‌ خۆم بکه‌م که‌ له‌وێ بووم یان باوه‌ڕ به‌و که‌ناڵه‌ بکه‌م؟."
به‌ڵام وه‌لید که‌ هاوڵاتیـیه‌کی سووننه‌ی پارێزگای نه‌جه‌فه‌ به‌ پـێچه‌وانه‌ی ئه‌لبه‌غدادی ده‌ڵێت ئه‌و زۆڵم و سته‌مه‌ی له‌ لایه‌ن حکومه‌تی سه‌رۆک وه‌زیر نوری ئه‌لمالیکیـیه‌وه‌ له‌ سووننه‌کان ده‌کرێت له‌ ئه‌وپه‌ڕیدایه‌.
"مالیکی خه‌ڵـکی سووننه‌ له‌ عێراق ده‌کوژێت، ژنی عێراقی موسڵمانی سووننه‌ی عه‌ره‌بی ده‌سـتگیرکردووه‌، ئیدی چۆن هه‌ستی عێراقیـیه‌کی عه‌ره‌بی سوونه‌ وێنا ده‌که‌یت له‌ به‌رامبه‌ر مالیکی کاتێـک خه‌ڵـکه‌که‌ی سه‌رده‌بڕێت و ده‌سـتگیریان ده‌کات."
سه‌باره‌ت به‌ کاره‌کانی دیکه‌ی حکومه‌ت، وه‌لید ده‌ڵێت هیچ جۆره‌ خزمه‌تگوزاریـیه‌ک نیـیه‌.
" ته‌نانه‌ت له‌ پارێزگا شیعه‌کانی وه‌کو نه‌جه‌ف و به‌سره‌ و ناسریـیه‌ش هیچ خزمه‌تگوزاریـیه‌ک نیـیه‌ و پاره‌ی نه‌وتی وڵاته‌که‌ش ده‌چێته‌ گیرفانی به‌رپـرسانه‌وه‌."
دواتر وه‌لید ده‌ڵێت چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی عێراق به‌ جیابوونه‌وه‌ یان فیدراڵی ده‌کرێت.
" ئه‌گه‌ر ئێمه‌ خه‌ڵـکی ڕۆژئاوایی بووینایه‌، بۆ نمونه‌ وه‌کو سویسری، ئه‌وا ده‌متوانی بڵێم ده‌کرێت ڕۆژێـک له‌ ڕۆژان پـێـکه‌وه‌ به‌ ئاشـتی بژین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ خه‌ڵـکی عه‌ره‌بین یان بڵێن ڕۆژهه‌ڵاتین هزر و بیری نه‌ژادی و ئاینیمان هه‌یه‌ و‌ سه‌خته‌ بتوانین پـێـکه‌وه‌ بژین، بۆیه‌ هیچ ڕێـگه‌ چاره‌یه‌ک نیـیه‌ ته‌نها جیابوونه‌وه‌ نه‌بێت. سووننه‌، کورد، شیعه‌ جیابـبنه‌وه‌ یان هه‌ر یه‌که‌یان هه‌رێمێـک بۆخۆی پـێـکبهێنێت."
ثامر که‌ریم له‌ شـاری موسڵ، ئه‌ویش که‌سێـکی سووننه‌ و کۆکه‌ له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌که‌ی وه‌لیدا، ده‌ڵێت.
" برا کورده‌کانمان له‌ کوردسـتان له‌ ئیسراحه‌تدان و ئێمه‌ش وه‌کو خه‌ڵـکی سوونه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ ده‌ست ئه‌م حکومه‌ته‌ ئیسراحه‌ت بکه‌ین، ئیدی به‌ دروسـتکردنی هه‌رێم ببێت یان هه‌ر شتێـکی دیکه‌ که‌ له‌م حکومه‌ته‌ ڕزگارمان بکات. "
سافی ئه‌لبه‌غدادی له‌ ئاینزای شیعه‌، ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ کورد جیابـبێته‌وه‌.
" زۆربه‌ی خه‌ڵـکی ده‌یانه‌وێت کورد جیابـبێته‌وه‌ و به‌ که‌رکوکیشه‌وه‌، چونکه‌ کورده‌کان کێشه‌ ده‌نێنه‌وه‌. ئه‌وه‌تا سێ پارێزگا 17 له‌ سه‌دی بوجه‌ی وڵاته‌که‌ی بۆ دانراوه‌، به‌ڵام پارێزگای به‌سره‌ که‌ سه‌رچاوه‌ی 80 له‌ سه‌دی داهاتی عێراقه‌ 2 له‌ سه‌دی بوجه‌ی بۆ بڕیاردراوه‌."
دواتر ئه‌لبه‌غدادی دێته‌وه‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردن و سیاسه‌تکاران، ده‌ڵێت:
" ئامۆژگاریم بۆ عێراقیـیه‌کان ئه‌وه‌یه‌، سیاسه‌تکاران بریتین له‌ فه‌رمانبه‌ر خزمه‌تی خه‌ڵکی ده‌که‌ن و له‌ به‌رامبه‌ردا موچه‌ وه‌رده‌گرن، بۆیه‌ مه‌یانکه‌ن به‌ بت و بیانپه‌رستن و پاشـان بیانکه‌ن به‌ دیکتاتۆر."
XS
SM
MD
LG