Accessibility links

له‌ به‌غدا هێرش ده‌کرێته‌ سه‌ر ئۆفیسه‌کانی چوار ڕۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ

  • VOA News

کاربه‌ده‌سـتانی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ گوتیان چه‌کداران هه‌ڵیان‌کوتاوه‌ته‌ سه‌ر چوار ڕۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌ به‌غدا و له‌ کارمه‌نده‌کانیان داوه‌ و که‌لوپه‌له‌کانیان شـکاندوون.
ڕۆژنامه‌کان بریتین له‌ (ئه‌لده‌سـتور و موستقبه‌ل ئه‌لعێراقی و ئه‌لناس و ئه‌لپه‌رله‌مان) و هه‌موویان ده‌که‌ونه‌ ناوچه‌ی که‌ڕاده‌ی پایته‌خت.
نووسه‌رێـک گوتوویه‌تی هێرشبه‌ره‌کان‌ ئه‌ندامانی میلیشیایه‌کی شیعه‌ن، وه‌ هێرشه‌که‌ پاش ئه‌وه‌ کراوه‌ که‌ ڕۆژنامه‌که‌ی بابه‌تێـکی بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ و تیایدا ڕه‌خنه‌ی توندی له‌ مه‌حمود ئه‌لسه‌ڕخی مه‌لای توندڕه‌وی شیعه‌ گرتووه‌‌.
به‌سام ئه‌لشێخ و عه‌لی ده‌راجی که‌ له‌ دوو له‌و ڕۆژنامانه‌ کارده‌که‌ن، ده‌ڵێن شه‌وی دووشه‌ممه‌ له‌ هێرشی هه‌ماهه‌نگدا نزیکه‌ی 50 که‌س په‌لاماری ئۆفیسی ڕۆژنامه‌کانیان داون.
به‌سام ئه‌لشێخ سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ده‌سـتور ، ده‌ڵێت هێرشبه‌ران به‌ دار و تێڵا و چه‌قۆوه‌ له‌ ڕۆژنامه‌وانه‌کانیان داون‌ و پاشـان کۆمپـیوته‌ر و که‌ل‌وپه‌لی ناو ئۆفیسه‌که‌یان شـکاندوون.
عه‌لی ده‌راجی سه‌رنووسه‌ر ڕۆژنامه‌ی ئه‌لموسته‌قبه‌ل ئه‌لعێراقی ئه‌ویش گوتی به‌ هه‌مان شێوه‌ هێرش کراوه‌ته‌ سه‌ر ڕۆژنامه‌که‌یان و هه‌رچی شووشه‌ی په‌نجه‌ری ئۆفیسه‌که‌یانه‌ شـکاندوویانه‌ و ئاگریان له‌ ئۆتۆمبیلێـک به‌رداوه‌. گوتیشی دۆخه‌که‌ زۆر ترسـناک بووه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ هیچ بکه‌ن.
کاربه‌ده‌سـتانی ته‌ندروسـتی ده‌ڵێن 4 ڕۆژنامه‌نووس که‌ به‌ چه‌قۆ برینداربوون گه‌یه‌ندراونه‌ته‌ نه‌خۆشـخانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێـکیش که‌ زۆر به‌ خراپـی لێی درابوو.
هه‌تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ ئۆفیسی مه‌لای توندڕه‌و مه‌حمود ئه‌لسه‌ڕخی هیچ ڕاگه‌یاندنێـکی له‌م باره‌یه‌وه‌ بڵاو نه‌کردووه‌ته‌وه‌.
XS
SM
MD
LG