Accessibility links

شه‌ڕ له‌ نزیک فڕۆکه‌خانه‌ی حه‌ڵه‌ب قورسه‌


چالاکوانانی سوریایی ده‌ڵێن شه‌ڕی نێوان سه‌رهه‌ڵداوان و هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی حکومه‌ت له‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین فڕۆکه‌خانه‌ی وڵاته‌که‌دا هه‌روادێ و قورس ده‌بێت.

ڕامی عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆکی ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ بنکه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌ نزیک فڕۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی حه‌ڵه‌ب ده‌ستی پێکردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌ سه‌ره‌کیه‌ی شاری حه‌ڵه‌ب به‌م دامه‌زراوه‌ ستراتیژیه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ ئێجگار توند بووه‌.

به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌حمان ده‌ڵێت ئه‌و شوێنه‌ی ئێستا شه‌ڕه‌کانی تێدان هه‌مان ئه‌و جێگه‌یانه‌ن که‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌که‌ سه‌رهه‌ڵداوان ده‌یانه‌وێت کۆنترۆڵی بکه‌ن.

له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردوودا سه‌رهه‌ڵداوان ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر دوو بنکه‌ی له‌شکریدا که‌ ئه‌رکی پاراستنی فڕۆکه‌خانه‌که‌یان له‌ ئه‌ستۆ بوو.

له‌ مانگی حه‌وتی ڕابردووه‌وه‌ هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی سه‌ر به‌ به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا له‌ شه‌ڕدان له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵداوانی وڵاته‌که‌دا واته‌ له‌و ده‌مه‌وه‌ی شاری حه‌ڵه‌ب بۆته‌ گه‌وره‌ترین مه‌یدانی شه‌ڕی نێوانیان له‌ ماوی ئه‌م نزیکه‌ی دوو ساڵه‌ی قه‌یرانی سوریادا. ‌
XS
SM
MD
LG