Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: ئایا زه‌مینه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا؟

  • Haider Kareem

گرژی و کێشه‌کانی عێراق به‌ردوامیـیان هه‌یه‌و خۆپیشاندا‌نی سوننه‌کانیش تا دێت فراوانتر ده‌بن و زۆربه‌ی شاره ‌سوننه نشینه‌‌کانی عێراقی گرتۆته‌وه‌ و ئێستا داوای ڕووخاندنی مالیکی ده‌که‌ن. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ناکۆکیـیه‌کانی نێوان حکومه‌تی مالیکی و هه‌رێمی کوردستانی عێراق درێژه‌یان هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا باس له‌وه‌ ده‌کرێت هه‌وڵ و کۆششێک له‌ ئارادایه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و ناکۆکییانه‌.
به‌پێی‌ هه‌واڵێك كه‌ له ‌هه‌رێمی‌ كوردستانی عێراقه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌‌، نوری مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ میانه‌ی‌ سه‌ردانی‌ شاندێکی‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم بانگهێشتێکی ئاڕاسته‌ی‌ سه‌ره‌ک وه‌زیری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی کوردستان كردووه‌ تا سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ پایته‌خت بكات، به ‌مه‌به‌ستی‌ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ به‌ دانوستاندنه‌کان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی‌ به‌غدا‌و هه‌ولێر.
به‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ گوایه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا داوای له‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی عێراق کردووه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ک بکات بۆ‌ سازدانی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رفراوانی کوتله‌ عێراقیـیه‌کان له‌ هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ قه‌یرانه‌که‌ی عێراق. به‌ڵام ده‌ڵێن سه‌رۆکی هه‌رێم ئه‌و داوایه‌ی ڕه‌تکردۆته‌وه‌ و گوتوویه‌تی چونکه‌ پێشتر ده‌ستپێشخه‌ریـیه‌کی وای کردبوو، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌کرا.‌
بۆیه‌ له‌ ئێسـتادا زه‌مینه‌ چه‌ند ئاماده‌یه‌ بۆ یه‌کلایـیکردنه‌وه‌ی ناکۆکیـیه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا؟
ئه‌گه‌ر بانگهێشته‌که‌ی مالیکی ڕاست بێت، چی وایکردووه‌ ئه‌م نه‌رمییه‌ بنوێنێت؟
مه‌ترسی خۆپیشاندا‌نی سوننه‌کان چه‌ند کاریگه‌رییان به‌سه‌ر مالیکیـیه‌وه‌ هه‌یه‌؟
ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینییه بوو که‌‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی‌برد و ئه‌م به‌ڕێزانه‌ش مێوانانی به‌رنامه‌که‌ بوون:
په‌رله‌مانتار ئاڵا تاڵه‌بانی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستانی.
په‌رله‌مانتار بایه‌زید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵلا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق سه‌ر به‌ لیستی گۆڕان.
XS
SM
MD
LG