Accessibility links

نائارامیـیه‌ سیاسیـیه‌کانی ناو تونس له‌ پاش کوژرانی شوکری بلعید

  • Shwan Rashid

کوژرانی شوکری بلعید که‌سایه‌تی ناوداری ئۆپـۆزسیۆنی تونس، بووه‌ مایه‌ی سه‌رهه‌ڵـدانی ناڕه‌زایـیه‌کی به‌رفراوان له‌ به‌رامبه‌ر بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ی ئیسلامی که‌ له‌ ئێسـتادا سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی تونس ده‌کات.
نه‌یارانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ و لایه‌نه‌کانی ئۆپـۆزسیۆن ده‌ڵێن حکومه‌ت له‌ تیرۆرکردنی ئه‌م که‌سایه‌تیـیه‌ چه‌پڕه‌وه‌‌ به‌رپـرسیاره‌، بۆیه‌ داوای هه‌ڵوه‌شـاندنه‌وه‌ی ده‌که‌ن.
بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ش له‌ به‌رامبه‌ردا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ به‌یانـنامه‌یه‌کی له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌رکرد و تیایدا هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و که‌سـایه‌تیـیه‌ سیاسی و ده‌زگای ڕاگه‌یاندنه‌ کرد که‌ پارت و ڕابه‌ره‌که‌یان ڕاشد ئه‌لغه‌نوشی به‌ کوشـتنی بلعید تاوانبارده‌که‌ن. ده‌ڵێت له‌ دادگاکاندا سـکاڵایان له‌سه‌ر تۆمارده‌که‌ن.
به‌ڵام زۆرن ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ شه‌قامی تونسـدا په‌نجه‌ی تاوان بۆ پارتی نه‌هزه‌ و لایه‌نگرانی درێژده‌که‌ن، بۆیه‌ تۆمارکردنی سـکاڵا وه‌ک ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ باسی ده‌کات کارێـکی ئاسان نابێت.
عادل ده‌خلاوی، خوێندکار و چالاکی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ تونس به‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای گوت " هه‌ندان له‌ ڕێگه‌ی منبه‌ری مزگه‌وته‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ که‌سایتیـیه‌کانی ناو بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌شه‌وه‌، وه‌ هه‌تا گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی تۆمه‌ت ئاڕاسته‌ی فه‌رمانبه‌رێـکی کاروباری ئاینی بکرێت که‌ به‌ ئاشـکرا له‌سه‌ر شه‌قامدا داوای کوشـتنی که‌سایه‌تیـیه‌کی سیاسی تونسی کردبوو‌‌."
هاوکات هه‌ر ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێـکخراوی به‌رگری له‌ مافه‌کانی مرۆڤی‌ تونس ناسراو به‌ "الرابطة التونسية للدفاع عن حقوق الانسان"، هوشیاری دا که‌وا هێشـتا له‌ پاش کوشتنی بلعید هه‌ڕه‌شه‌ی کوشـتنی که‌سایه‌تیـیه‌ سیاسی و دیموکراتخوازه‌کان له‌ وڵاته‌که‌دا به‌رده‌وامه‌. ده‌شڵێت ئه‌م هه‌ڕه‌شـانه‌ له‌ ڕێگه‌ی ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن، مزگه‌وته‌کان، کۆبوونه‌وه‌ گشـتیـیه‌کان و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئنته‌رنێتیش ده‌کرێن.
له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وشه‌ ناهه‌مواره‌ بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌وڵ ده‌دات دۆخه‌که‌ نه‌گاته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێسـتادا داوای هه‌ڵبژاردنی نوێ بکرێت، بۆیه‌ به‌ڵێنی داوه‌ گۆڕانکاری له‌ حکومه‌تدا بکات به‌ شێوه‌یه‌ک بتوانێت لایه‌نه‌ سیاسیـیه‌کان و شه‌قامی تونسی پێ قایل بکات.
پارتی کۆنگره‌ی له‌ پـێناو کۆماری " حزب المؤتمر من أجل الجمهورية" که‌ سه‌رۆک وڵات مونسف ئه‌لمه‌رزوقی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات و پارتی قه‌واره‌ی دیموکراسی له‌ پـێناو کار و ئازادیـیه‌کان "حزب التكتل الديمقراطي من أجل العمل والحريات" ئه‌وه‌ی موسته‌فا بن جه‌عفه‌ر سکرتێری گشـتیـیه‌تی. هه‌ردووکیان له‌ نێو هاوبه‌ندی حکومه‌ته‌که‌ی بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌دان و هه‌وڵ ده‌ده‌ن گۆڕانکاریـیه‌کانی ناو حکومه‌ته‌که‌ی حه‌مادی ئه‌لجێبالی زیاتر به‌ خواستی خۆیان بێت.
ڕاشد ئه‌لغه‌نوشی ڕابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند که‌وا وتووێژ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیـیه‌کاندا له‌ ئارادایه‌ و پـێشبینی ده‌کات له‌ ماوه‌ی دوو بۆ سێ ڕۆژی دیکه‌ حکومه‌تێـکی نوێ ڕابگه‌یه‌نرێت.
له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ دووچاری ڕه‌خنه‌ بووه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێـک له‌ ئیسلامیـیه‌ توندڕه‌وه‌کانه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێن له‌ پـێناو پاراستنی پـۆسته‌کانیان له‌ حکومه‌ت خۆیان له‌ به‌رده‌م چه‌پـڕه‌و و سیکیولاره‌کاندا لاوازکردووه‌.
به‌لیغ تونسی، کاردار و چالاکی سیاسی بۆ به‌شی کوردی ده‌ڵێت" ئاشـکرابوو ڕه‌وتی نه‌هزه‌ به‌ دوای ده‌سه‌ڵاته‌وه‌یه‌، وه‌ هه‌موو ئه‌و پارتانه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیـدان چاره‌یان له‌به‌رده‌م خه‌ڵـکدا ڕه‌ش بووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ربێت و مۆڵه‌ت به‌ ڕه‌وته‌ ئیسلامیـیه‌کان بدرێت، ئه‌وا به‌شێـکی گه‌وره‌ی گۆڕه‌پانی سیاسی ده‌گرنه‌وه‌ و به‌ تایبه‌تی پارتی ڕزگاری یان ئه‌نسار ئه‌لشه‌ریعه‌."
به‌ڵام هاوکات که‌میش نین ئه‌وانه‌ی له‌ دژی هاتنی حکومه‌تێـکی توندڕه‌وی ئیسلامین له‌ وڵاته‌که‌دا.
ئه‌یمه‌ن تبوربی، چالاکوانی سیاسی ده‌ڵێت " ئێمه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نمان له‌ تونس باسـمان له‌ ڕه‌وتی ئیسلامی نه‌کردووه‌، چونکه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕه‌وتی ئیسلامی ڕانه‌هاتووین."
پاشـان تبوربی ده‌ڵێت ئێمه‌ ده‌وڵه‌تێـکی دیموکراسیمان ده‌وێت که‌ تیایدا موسڵمان و جوله‌که‌ و کرستیان وه‌ک یه‌ک بژین.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م ناکوکیـیه‌ سیاسیـیانه‌، تونسیـیه‌کان به‌ جیاوازی بیروڕایان به‌ ئاینده‌ی وڵاته‌که‌یان گه‌شبینن.
به‌لیغ تونسی له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت " ئاسایی‌یه‌ له‌ پاش هه‌موو شۆڕشێـک، گرژی سیاسی و بۆشایی له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ڕووده‌دات، به‌ڵام من به‌ ئاینده‌ گه‌شبینم."
عادل ده‌خلاوی، خوێندکار و چالاکی مافه‌کانی مرۆڤ ئه‌ویش ده‌ڵێت" سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو چیرۆکه‌ ڕه‌ش و دڵته‌زێنانه‌، من هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی وێنای ده‌که‌یت گه‌شبینم."
ده‌شڵێت کاتی خۆی ئێمه‌ هیچ جۆره‌ ئازادیـیه‌کی ئاینی، ئایدیۆلۆجی، سیاسیمان نه‌بوو‌، به‌ڵام له‌ ناکاودا هه‌موو ئازادیـیه‌کانمان بۆ ده‌سته‌به‌ربوو و ئه‌م دۆخه‌ ڕوویداوه‌. ده‌شڵێت به‌ڵام گه‌لی تونس گه‌لێـکی میانڕه‌وه‌، کراوه‌یه‌، له‌ هه‌ڵه‌کانی فێرده‌بێت و ئێمه‌ش وا به‌ره‌و پـێشه‌وه‌ی ده‌به‌ین.
XS
SM
MD
LG