Accessibility links

پانۆراما : عێراق له‌ قه‌یرانی تایفه‌گه‌راییدا

  • Balen Salih

"عێراقی پاش ساڵی 2003 هه‌رگیز ئه‌و وڵاته‌ نییه‌ که‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینرا" ئه‌مه‌ ڕوانینی که‌سێکی عێراقیه‌ له‌ لێدوانێکیدا بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی وڵاته‌که‌ی.

قه‌یرانی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ به‌شه‌ڕ وێرانبووه‌ به‌رده‌وامه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕووه‌و ئاڵۆزیه‌کی زیاتر ده‌ڕوات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ک بۆ چاره‌سه‌ریه‌کان ده‌ربکه‌وێت.

کار له‌ عێراقدا گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی زۆرێک له‌ سیاسه‌تمه‌دارانی وڵاته‌که‌ به‌ ڕه‌وشێک و زه‌مینه‌یه‌ک بۆ گێره‌شێوێنی و ئاژاوه‌ی بێ سه‌روبه‌ریی سیاسی ناودێری بکه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ ده‌گوترێت فاکته‌ری هه‌ره‌ سه‌ره‌کی قه‌یرانه‌کانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بێ متمانه‌یی نێوان لایه‌نه‌کان، به‌ڵام هه‌میشه‌ش جه‌خت ده‌کرێته‌وه‌ له‌وه‌ی کێشه‌ له‌ مێژینه‌کانی نێوان شیعه‌ و سوننه‌ له‌پاش 2003 وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌‌ و هه‌ر لایه‌نه‌ و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی تایفه‌یی خۆی لایه‌نه‌که‌ی به‌رامبه‌ری پێ گوناهبار ده‌کات.

ڕکابه‌ره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق و سه‌رۆکی ده‌وڵه‌تی یاساش به‌رده‌وام مالیکی به‌وه‌ گوناهبار ده‌که‌ن که‌ هاندانی ئاینزایی ده‌کات و ته‌واوی بڕیاره‌کانیشی له‌خزمه‌ت شیعه‌گه‌راییدایه‌.

ئێستا و چه‌ند ڕۆژێک له‌ پاش ده‌ستگیرکردنی پاسه‌وانه‌کانی وه‌زیری دارایی وڵاته‌که‌ خۆپیشاندان له‌ ژماره‌یه‌ک شار و شارۆچکه‌کانی عه‌ره‌بی سوننه‌دا ده‌ستیپێکردووه‌. دروشمه‌کان په‌یامی گرنگ ده‌نێرن، له‌وانه‌ داوای ڕوخاندنی حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی ده‌کرێت.
خۆپیشانده‌ران شاڕێگه‌ی پارێزگای ئه‌نبار ده‌گرن و هاواریش ده‌که‌ن پێشێلکاری به‌رامبه‌ر به‌ سوننه‌کان و ئه‌هلی جه‌ماعه‌ ڕابگیرێت.

له‌ به‌غداش لایه‌نگرانی مالیکی ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ مه‌به‌ستی سیاسیان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێت ڕه‌وشی عێراق تێکبده‌ن و ئه‌جه‌ندای ده‌ره‌کی له‌ پشته‌وه‌ ده‌یانجوڵێنێت.


ئه‌حمه‌د ئه‌بو ڕیشه‌ ، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕابوونی عێراقه‌ و له‌ شاری ڕومادی خۆرئاوای عێراقه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ی پانۆرامای گووت خۆپیشانده‌ران داوای گشتی ڕه‌وایان هه‌یه‌ نه‌ک داوای تایبه‌تی تایفه‌یی.

ده‌ڵێت خۆپیشانده‌ران ژماره‌یه‌ک داوایان هه‌یه‌ له‌وانه‌ ئازادکردنی گیراوه‌کان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕگه‌ی چواری یاسای دژه‌ تێرۆر و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هاوسه‌نگی بۆ ناو دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت و هه‌ڵگرتنی یاسای له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵکێشانی به‌عس و کردنی چاکسازیه‌کان.

ئه‌حمه‌د ئه‌بو ڕیشه‌ ده‌شڵێت کاتێک خۆپیشانده‌ران داوای ڕێگه‌گرتن ده‌که‌ن له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ئێران، بۆ ده‌بێت به‌ دژایه‌تیکردنی شیعه‌کانی عێراق لێکبدرێته‌وه و ئاماژه‌ش به‌ وتاری ئاینی ئه‌مڕۆ هه‌ینی مزگه‌وته‌کان ده‌کات له‌ پارێزگای ئه‌نبار که‌ وه‌ک ده‌ڵێت ئیمامه‌کان ستایشی ڕۆڵی ڕێبه‌رانی دێرینی شیعه‌کانیان کردووه‌.

ئه‌بو‌ ڕیشه‌ ده‌ڵێت یه‌کێک له‌وانه‌ پێشنوێژی ئه‌و مزگه‌وته‌یه‌ که‌ بۆخۆی نوێژی هه‌ینی تیادا کردووه‌ ، ستایشی ڕۆڵی مه‌رجه‌عه‌کانی شیعه‌ی کردووه‌ له‌ عێراقدا و دژی هه‌موو ڕوانینێکی تایفه‌یی وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ و ستایشی شۆڕشی ئیمام حوسه‌ینیش کراوه که‌ دژی زۆرداری و سته‌مکاری بووه‌‌ و له‌ هه‌مان ده‌میشدا ڕووداوه‌کان و خۆپیشاندانه‌کانی خه‌ڵکیشی به‌ هه‌مان شێوازی شۆڕشی داناوه‌ که‌ دژی سته‌مکاریه‌کانی نێوه‌ند ده‌کرێن.

ئه‌بو ڕیشه‌ گه‌شبین نییه‌ به‌وه‌ی حکومه‌تی نێوه‌ند وه‌ک ده‌ڵێت وه‌ڵامێکی پۆزه‌تیفانه‌ی هه‌بێت بۆ داواکانی خۆپیشانده‌رانی سوننه‌.
سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ڕابوون ده‌ڵێت ئه‌م حکومه‌ته‌ی عێراق هیچ متمانه‌یه‌کی پێناکرێت چونکه‌ ڕێز له‌ هیچ که‌سێک و له‌ هیچ شتێکیش ناگرێت، نه‌ ڕێز له‌ وه‌زیر نه‌ له‌ په‌رله‌مانتار ، نه‌ له‌ مامۆستا، ئه‌م حکومه‌ته‌ ته‌نها ڕێزی بۆ ئێران و لایه‌نگرانی ئێران هه‌یه‌.
ئه‌حمه‌د ئه‌بو ڕیشه‌ ئاگاهی ده‌دات و ده‌ڵێت خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر شاڕێی پارێزگای ئه‌نبار ده‌مێننه‌وه‌ تا ئه‌و کاته‌ی داواکانیان جێبه‌جێده‌کرێن و ده‌شڵێت نه‌ دانوستاندنیان ده‌وێت و نه‌ په‌یماندانیش، ته‌نها جێبه‌جێکردنی داواکانیان ده‌وێت.
ئه‌بو ڕیشه‌ ده‌شڵێت له‌وبڕوایه‌دا نییه‌ حکومه‌تی عێراق به‌ ته‌نگ داواکانی خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ بێت.


به‌غدا کاردانه‌وه‌ی هه‌یه‌ و به‌ تایبه‌تیش ئه‌ندامانی ده‌وڵه‌تی یاسا.
جنان عه‌بدولجه‌بار ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه‌ له‌سه‌ر لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات ناکریت وه‌ک قه‌یرانێک سه‌یری بکرێت به‌ڵکو کێشه‌یه‌کی بچوکه‌.

جنان ده‌ڵێت هه‌ندێک له‌ سیاسه‌تمه‌داران هه‌وڵی قۆزتنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌یه‌یان دا که‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌ستگیرکردنی پاسه‌وانه‌کانی وه‌زیری دارایی هاته‌ ئاراوه‌ و وه‌های نیشان ده‌ده‌ن که‌ یاخیبونێک دروست بووه‌ و قه‌یرانێکی گه‌وره‌ له‌ ئارادایه‌ و وه‌ک ده‌ڵێت له‌ ده‌مێکدا ته‌واوی ئه‌م کێشه‌یه‌ ، دۆسێیه‌کی یاساییه‌ نه‌ک سیاسی و جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وانه‌ به‌ بڕیاری دادگا ده‌ستگیر کراون و په‌یوه‌ندییان به‌ تێرۆریزمه‌وه‌ هه‌بووه‌.


ئه‌م ئه‌ندامه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌شڵێت سه‌ری سوڕماوه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی ئه‌بو ڕیشه‌ که‌ ناخوازێت دانوستاندن بکرێت و ده‌ڵێت ئه‌حمه‌د ئه‌بو ڕیشه‌ خۆی یه‌که‌م که‌س بوو گه‌یشته‌ به‌غدا و یه‌که‌م که‌سیش بوو ده‌ستی به‌ دانوستاندن کرد و هه‌وڵی لێکنزیککردنه‌وه‌ی ڕوانینه‌کانی ده‌دا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی وه‌ک ده‌ڵێت ئه‌م کێشه‌ بچووکه‌.

جنان ده‌ڵێت ناتوانێت نکوڵی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان و کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌بو ڕیشه‌ بکات ، بۆیه‌ وه‌ک ده‌ڵێت با ئه‌و ده‌سه‌ڵات و کاریگه‌ریانه‌ی خۆی به‌کاربهێنێت بۆ ئارامکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌که‌ نه‌ک هه‌وڵدان بۆ ئاڵۆزکردنی زیاتر به‌ شیوه‌یه‌ک که‌ ئه‌نجامی نه‌خوازراوی لێبکه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌و ئه‌نجامه‌ نه‌خوازراوانه‌ نه‌کرد که‌ چی ده‌بن.

هاوکات نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراقیش داوای له‌ خۆپیشانده‌رانی پارێزگای ئه‌نبار کردووه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دیالۆگ و دووربکه‌ونه‌وه‌ له‌ گرتنی شاڕێگه‌ی پارێزگاکه‌ و ئاماژه‌دان به‌ شه‌ڕ که‌ وه‌ک مالیکی ده‌ڵێت عێراق ده‌خاته‌ به‌ر مه‌ترسی پارچه‌بوونه‌وه‌.

فه‌رهاد ڕه‌سوڵ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراقه‌ له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی کوردستان و ده‌ڵێت فاکته‌ر هه‌ن بۆ ئه‌م قه‌یرانه‌ی عێراق به‌ڵام به‌شه‌ سه‌ره‌کیه‌که‌ی فاکته‌ری ئاینزاییه‌.
فه‌رهاد ڕه‌سوڵ ئاگاهیش ده‌دات به‌ ئاکامی نه‌خوازراو ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م ڕه‌وشه‌ درێژه‌ بکێشێت.

به‌لای نوسه‌ر و لێکۆڵه‌ره‌وه‌ ڕێبین ڕه‌سوڵه‌وه‌ ته‌وای ئه‌م قه‌یرانانه‌ی عێراق په‌یوه‌ندییان به‌ پرۆسه‌ی دروستکردنه‌وه‌ی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌.
ڕێبین ڕه‌سوڵ ده‌شڵێت هیچ گومانی تیادا نییه‌ ئه‌گه‌ر عێراقیه‌کان بخوازن چاره‌سه‌ری ڕه‌وشه‌که‌ بکه‌ن ئه‌وا ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سیسته‌می فێدراڵی و هه‌ر ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ره‌ بۆ قه‌یرانه‌کانی عێراق.
قه‌یرانه‌کان له‌ عێراق زۆرن، به‌ڵام پرسیار له‌وه‌دایه‌ ئایا ده‌وڵه‌تی یاسا پشت به‌چی ئه‌م هه‌موو ئاڵۆزیانه‌ له‌گه‌ڵ کورد و له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سوننه‌ دێنێته‌ ئاراوه‌، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ناکۆکیانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌کانیشدا هه‌یه‌تی.
ڕۆژنامه‌وان ئاکۆ موحه‌مه‌د، سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ڕووداو له‌و بڕوایه‌دایه‌ هه‌ر به‌هۆی ئه‌م ڕه‌وشه‌ی عێراقه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی یاسا خۆشی ڕووبه‌ڕووی سه‌ختی بۆته‌وه‌.


زۆرێک له‌ چاودێران ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی تورکیا و ئێران ده‌که‌ن له‌م قه‌یرانانه‌ی عێراقدا.

ڕۆژنامه‌وان ئاکۆ موحه‌مه‌د ده‌ڵێت ئه‌وه‌ دروسته‌ به‌ڵام ئه‌ی ڕۆڵی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کوا؟

زانیاری زیاتر له‌ ده‌قی به‌رنامه‌که‌دایه‌:
XS
SM
MD
LG