Accessibility links

چالاکوانێـکی ئۆپـۆزسیۆنی ڕووسیا ده‌ڵێت حکومه‌تی وڵاته‌که‌ی ڕفاندوویه‌تی و ئه‌شـکه‌نجه‌ی داوه‌


گۆڤاری هه‌فتانه‌ی نیو تایمزی ڕووسی به‌سه‌رهاتی لیۆنید ڕازڤۆزجایێڤ چالاکوانی نه‌یاری ڤلادیمیر پـوتن ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت لیۆنید له‌ ئۆکرانیاوه‌ ڕفێندراوه‌ و پاشان له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دان ناچار کراوه‌‌ بڵێت تاوانباره‌ و کاری بۆ نانه‌وه‌ی گێره‌شێوێنی له‌ وڵاته‌که‌دا کردووه‌.
گوڤاره‌که‌ له‌ زاری لیۆنید له‌ زیندانه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ گوتوویه‌تی له‌و ده‌مه‌ی ئه‌و له‌ کێیڤی پایته‌خی ئۆکرانیا بووه‌ و هه‌وڵی داوه‌ مافی په‌نابه‌ری وه‌ربگرێت، له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سێـکه‌وه‌ که‌ ده‌مامکیان به‌ستبوو ڕفێندراوه‌. ده‌ڵێت به‌ زۆر بۆ ناو ڤانێـکی بچوک ڕایانکێشـاوه‌ و چاو و ده‌سـتیان به‌سـتووه‌ و بردوویانه‌ و دوای چه‌ند کاژمێرێـک گه‌یاندویانه‌ته‌ ناو ژێرزه‌مینی ماڵێـک و له‌وێ بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ خواردن و ئاویان نه‌داوه‌تێ و ته‌نانه‌ت ڕێـگه‌یان پـێ نه‌داوه‌ بۆ سه‌ر ئاویش بڕوات.
ده‌شڵێت ئه‌شکه‌نجه‌یان داوه‌ تاوه‌کو دان به‌وه‌دا بنێت که‌ تاوانباره‌، هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌یان لێـکردووه‌ کچ و کوڕه‌که‌ی بکوژن. پاشـان ده‌ڵێت پـێیان گوتووه‌ ئه‌گه‌ر به‌خۆشی خۆی قسه‌ نه‌کات، ئه‌وا ده‌رزی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لێ ده‌ده‌ین که‌ ڕه‌نگه‌ ئفلیجی بکات.
لیۆنید ده‌ڵێت پاش ئه‌وه‌ خۆی بۆ نه‌گیراوه‌ و ئیدی گوتویه‌تی من تاوانبارم و له‌گه‌ڵ ده‌زگای تایبه‌تی بیانیدا کاری کردووه‌.
ئۆفیسی ئاژانسی په‌نابه‌رانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ کێیڤ ده‌ڵێت لیۆنید سه‌ردانی ڕێـکخراوێـکی ناحکومی له‌و شـاره‌ کردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی بینینی ژماره‌یه‌ک که‌سـانی شاره‌زای یاسایی، به‌ڵام له‌ کاتی پـشوویه‌کی کورتدا دیار نه‌ماوه‌ و شته‌کانی له‌وێ به‌جێ مان.
لیژنه‌ی لێـکۆڵینه‌وه‌ی حکومه‌ت ده‌ڵێت لیۆنید خۆی خۆی داوه‌ به‌ده‌سـته‌وه‌ تاوه‌کو دان به‌ تاوانه‌کانیدا بنێت.
دیمیتری پـێسکۆڤ گوتبه‌ێژی ڤلادیمیر پـوتنی سه‌رۆکی ڕووسیا به‌ ده‌زگانی ڕاگه‌یاندی گوتووه‌ کرملین هیچ له‌و باره‌یه‌وه‌ لێـدوان نادات و ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌که‌ له‌ نێوان سیسته‌می داد و ئه‌وانه‌ی داکۆکی له‌ مافه‌کانی مرۆڤدا ده‌که‌ن.
XS
SM
MD
LG