Accessibility links

ئه‌ربابسیار دان ده‌نێت به‌وه‌ی کاری بۆ هه‌وڵی کوشـتنی باڵیۆزی سعودیه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا کردووه‌

  • VOA News

مه‌نسور ئه‌ربابسیار ئه‌و هاوڵاتیـیه‌ ئه‌مه‌ریکایـیه‌ی که‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئێرانیـیه‌ و له‌ مانگی نۆی سـاڵی ڕابردوودا ده‌سـتگیرکرا به‌ گومانی پـیلاندانان له‌گه‌ڵ پاسـدارانی ئێران بۆ کوشـتنی باڵیۆزی عه‌ره‌بسـتانی سـعودی له‌ واشنتن، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ دانی نا به‌ تاوانه‌که‌یدا.
ئه‌ربابسیاری ته‌مه‌ن 58 سـاڵ له‌ میانه‌ی ئاماده‌بوونی له‌ به‌رده‌م دادگای فیدراڵی له‌ نیویۆرک له‌ ناکاو دانی نا به‌ تاوانه‌که‌یدا، کاتێـک دادوه‌ر جۆن کینان لێی پـرسی " ئایا ڕاسته‌ له‌ به‌هاری 2011 وه‌ هه‌تا پایزی 2011 تۆ و هاوکاره‌کانت که‌ به‌رپـرسن له‌ له‌شـکری ئێران پـیلانتان گێڕاوه‌ بۆ کوشـتنی عادل جه‌بر باڵیۆزی عه‌ره‌بسـتانی سعودی له‌ ئه‌مه‌ریکا؟."
ئه‌ربابسیار گوتی "به‌ڵێ" به‌وه‌ش دانی نا به‌ سێ له‌و تاوانانه‌ی ئاڕاسته‌ی کرابوون.
شایه‌نی باسه‌ ئه‌ربابسیار له‌ مانگی نۆی سـاڵی ڕابردوو له‌ فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی جۆن که‌نه‌دی له‌ نیویۆرک ده‌سـتگیرکرا.
ئه‌ربابسیار له‌گه‌ڵ که‌سێـکی دیکه‌ به‌ ناوی غولام شاکوری، ئه‌ندامی ناسراوی هێزی قودسی سوپای پاسـداران که‌ له‌ ئێرانه‌ به‌و پـیلانگێڕیـیه‌ تاوانبارکراون.
ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت هێزی قودس له‌ پشـت مه‌سه‌له‌که‌وه‌یه‌ و نیازیان هه‌بووه‌ به‌ تاقمێـکی پـیاوکوژی ناو کۆمه‌ڵێـکی قاچاخچی تلیاکی مه‌کسیکی تاوانه‌که‌ ئه‌نجام بده‌ن له‌ به‌رامبه‌ر 1.5 ملیۆن دۆلار.
به‌پـێی دادگا ئه‌ربابسیار تاوانبارکراوه‌ به‌وه‌ی 100 هه‌زار دۆلاری بۆ ئه‌و پـیاوکوژانه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا حه‌واڵه‌کردووه‌ وه‌ک بڕی یه‌که‌می ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌سه‌ری ڕێـکه‌وتبوون.
XS
SM
MD
LG